نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەختییان لەوە کردووەتەوە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کاریگەرییەکی باشی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەو دوو لایەنە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لە داهاتوو دەبێت.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی پێگەیشت."
بەگوێرەی ڕاگەیندراوەکە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا "سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپاس و پێزانینی بۆ نێچیرڤان بارزانی دووپات کردەوە بۆ پشتگیری و هەوڵە بەردەوامەکانی لە هەموو قۆناغەکان، لەپێناو لێکگەیشتن و ڕێککەوتنی حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پرسی مووچە و شایستە دارایییەکان."
هاوکات باسی لەوەش کردووە، "سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێککەوتنەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ بەرەو چارەسەرکردنی پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە قەڵەم دا کە کاریگەریی باشی دەبێت بۆ سەقامگیریی ئابووری لە وڵات. هەروەها هیوای خواست کە ڕێککەوتنەکە هاوکار و یارمەتیدەر بێت بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپەکانی دیکەدا."
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، "نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران سوودانی دەربڕی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، دووپاتیشی کردەوە ڕێککەوتنەکە ئاسۆی تازە لەبەردەم هاریکاریی هاوبەشی هەولێر - بەغدا دەکاتەوە و هیوای خواست یارمەتیدەر بێت بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان و کێشەکانی دیکە."
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەشی داوە، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها سوپاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە هەمیشە نیازی چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتی نیشان داوە و لەو پێناوەدا کاری کردووە، بەتایبەتیش پرس و کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو تیم و لایەنە پەیوەندیدارانەی لە هەولێر و بەغدا کرد کە کاریان بۆ چارەسەر و گەیشتن بە ڕێککەوتن، کردووە."