پێرێز دوای دۆڕانە گەورەکەیان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید چی بە یاریزانانی ریال مەدرید گوتووە؟

چووەتە ژووری جلگۆڕین و بە تووڕەییەوە قسەی بۆ یاریزانەکان کردووە

فلۆرێنتینۆ پێرێز دوای دۆڕانە گەورەکەیان لە یاریی دێربی مەدرید زۆر تووڕە بووە و چووەتە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی یانەکەی و قسەی بۆ کردوون.

ماڵپەڕی دێفێنسا سێنترالی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دوای ئەوەی لە یاریی دێربی مەدرید لە یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ 5-2 بە ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕان، بە تووڕەییەوە چووەتە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی یانەکەی و زۆر بە تووڕەییەوە قسەی بۆ کردوون، بە یاریزانەکانی گوتووە :'ئەمڕۆ رۆژی ئێمە نەبوو، ئەوان لە ئێمە باشتر یارییان کرد و ئێمە دۆڕاین، پێویستە ئێمە لەمەوە فێربین، ئێمە ریال مەدریدین و دەبێت هەڵبستینەوە

 

ماڵپەڕە ئیسپانییەکە لە یانەی ریال مەدریدە نزیکە، راشیگەیاندووە یاریزانانی ریال مەدرید لە ژووری جلگۆڕین زۆر نیگەران بووینە و گلەییان لە ئاستی خۆیان کردووە، یاریزانەکانی لۆس بلانکۆس سەرزەنشتی خۆیان کردووە و گوتویانە 'ئەمە ئاستی ئێمە نییە، ئێمە زۆر خراپ بووین'.ریال مەدرید سەرەڕای ئەوەی سەرجەم یارییەکانی ئەم وەرزەی بردبووەوە، کەچی لە دێربی مەدرید لە یاریگای واندا مێترۆپۆلیتانۆ تووشی شکستێکی قورس بوو، لە یەکەم تاقیکردنەوەی راستەقینەی چابی ئاڵۆنسۆدا مەدریدییەکان 5-2 تووشی شکست بوون.

Fly Erbil Advertisment