کتێبی خولە پیزە، ڕۆبن هوودی کورد، بڵاو کرایەوە
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نووسەران و ڕووناکبیران، دوێنێ لە سلێمانی، کتێبی 'خولە پیزە، ڕۆبن هوودی کورد' بڵاو کرایەوە.
کتێبی 'خولە پیزە، ڕۆبین هوودی کورد' لە نووسینی د. بەکر شامحەممەد، بە وردی باس لە ڕووداوە مێژوویی و سیاسییەکانی کوردستان لە ساڵانی جەنگی جیهانی دووەم تا سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دەکات.
د. بەکر، سەبارەت بە ناوەرۆکی کتێبەکەی گوتی: کتێبەکە تەنیا تایبەت نییە بە ژیان و بەسەرهاتی خولە پیزە، بەڵکوو بارودۆخی سیاسیی و مێژوویی ئەو سەردەمەی کوردستان دەگرێتەخۆ. لە ڕاستیدا، لەوە دەکۆڵێتەوە بۆچی ئەم هەموو کارەسات و ماڵوێرانییەمان بەسەردا هاتووە؟
بە داخەوە، نەوەی ئەمڕۆی کورد، ئاگەداری ڕاستیی ڕووداوە مێژووییەکان نین. ئەوان بەبێ ئەوەی خولە پیزە بناسن و بزانن بەسەرهاتەکەی چییە، بە چەتە و ڕێگر و پیاوکوژ، تاوانباری دەکەن.
دکتۆر جەمال نەبەز، لە زاری باوکییەوە دەگێڕێتەوە "ئەگەر خولە پیزە جەردەش بووبێت، جەردەیەکی بەهەشتی بووە!"
د. بەکر گوتیشی: حەوت ساڵ سەرقاڵی نووسینی ئەم کتێبە بووم. هەوڵێکی زۆرم دا بۆ وەدەستهێنانی بەڵگەنامە و نووسراوە ڕەسمییەکانی پەیوەست بە ناوەرۆکی کتێبەکە.