ئەلپارتی: قەدەغەکردنی خوێندنی کوردی لە عەفرین پێشێلکردنی مافی کولتووری و نەتەوەییە

کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی)، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بڕیاری حکوومەتی سووریا بۆ قەدەغەکردنی خوێندنی زمانی کوردی لە عەفرین و ناوچە کوردییەکاندا سەرکۆنە دەکات. هاوکات جەخت دەکاتەوە، بڕیارەکەی حکوومەتی شەرع بۆ پەراوێزخستنی خوێندنی کوردی پێچەوانەی دروشمەکانی شۆڕشی سووریایە بۆ ئازادی و یەکسانی.

دووشەممە، 29ـی ئەیلوول 2025، پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی) دەربارەی بڕیارێکی نوێی حکوومەتی سووریا بۆ قەدەغەکردنی خوێندنی زمانی کوردی لە عەفرین و ناوچە کوردییەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بە توندی سەرکۆنە دەکات و هۆشداری دەدات، بڕیارەکە پاشگەزبوونەوەیەکی مەترسیدارە و کاریگەریی نەرێی لەسەر مافەکانی گەلی کورد لە سووریا دەبێت. 

هەروەها ڕایگەیاندووە، بڕیارەکە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سادەترین مافی کولتووری و نەتەوەییە کە لە بڕیارنامە نێودەوڵەتی و نەتەوەییەکاندا دەستنیشان کراوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەلپارتی هاتووە، زمانی کوردی تەنیا هۆکارێکی فێربوون نییە، بەڵکو کرۆکی ناسنامە و کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی بوونی نەتەوەیی گەلی کوردە لە سووریا. نکۆڵییکردنی ئەم مافە، واتە نکۆڵییکردن لە بوونی گەلی کورد و ڕۆڵە مێژووییەکەی لە بنیاتنانی نیشتماندا، ئەمەش پێچەوانەی ئەو هەموو دروشمانەیە کە شۆڕشی سووریا دەربارەی ئازادی و کەرامەت و دادپەروەری بەرزی کردبووەوە. 

سادەترین ماف، خوێندنی زمانی کوردییە لە پرۆگرامەکانی خوێندنی پەیمانگە و زانکۆ و کۆلیژە تایبەتمەندەکاندا، بەو پێیەی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بنەماکانی پێکەوە ژیان و یەکتر قبووڵ کردن کە لە دەستووری سووریای نوێدا جەختی لەسەر کراوەتەوە؛ بەڵام پاشگەزبوونەوە لەم دەستکەوتانە تەنیا وەک پەراوێزخستن و پێشێلکردنی پرۆژەی دامەزراندنی وڵاتێکی دیموکراسی فیدراڵیی لێک دەدرێتەوە.

ئەلپارتی پرسیارێکی ئاراستەی حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع کردووە و دەپرسێت "کاتێک سادەترین مافی کولتووری کورد واتە زمانەکەی، پێشێل دەکرێت، ئیتر چۆن دەکرێت بە جددی باسی داننان بە مافە سیاسی و دەستوورییەکانی لە داهاتووی سووریادا بکەین؟ چۆن دەکرێت دەستوورێک دابڕێژرێت کە یەکسانیی دابین بکات، لە کاتێکدا یەکێ لە گرنگترین زمانە نیشتمانییەکان لە قوتابخانەکاندا لا دەبرێت؟"

هەروەها ئەلپارتی جەخت دەکاتەوە، داننان بە زمانی کوردی، شانبەشانی زمانی عەرەبی وەک زمانێکی فەرمی لە ناوچە کوردییەکان و دانانی لە پرۆگرامی خویندنی نیشتمانیدا، پێوەری ڕاستەقینەی جددی بوونی هەر پرۆژەیەکی گشتیی نیشتمانی سووریایە.  هاوکات داوا دەکات هەرچی زووە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە و زمانی کوردی، وەک پێشوو بگەڕێنرێتەوە نێو پرۆگرامی قوتابخانەکان، تاوەکوو وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ بنیاتنانی متمانە و بەڵگەیەک کە سووریای داهاتوو دەبێت وڵاتێکی دیموکراتی، فیدراڵی بێت و لەسەر بنەمای ئازادی و دادپەروەری و کەرامەت، جێگەی هەموو ڕۆڵەکانی تێدا ببێتەوە. 

 
Fly Erbil Advertisment