حەماس پێشنیازی ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بە دەست گەیشت

بزووتنەوەی حەماس، لە لایەن وڵاتانی نێوەندگیرەوە، پێشنیازی ترەمپی لە بارەی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، بە دەست گەیشت.

دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەوڵی فرانس پرێس، بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، وڵاتانی نێوەندگیر (قەتەر و میسر)، لەگەڵ نوێنەرانی بزووتنەوەی حەماس کۆبوونەتەوە و پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکایان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە ڕادەست کردوون.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، شاندی دانوستانکاری حەماس بە وڵاتانی نێوەندگیرییان ڕاگەیاندووە، "کە بە نییەتێکی باشەوە لە پێشنیازەکەی ترەمپ دەڕوانن و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی لە بارەوە دەکەن و دواتر وەڵامی سەرۆکی ئەمەریکا دەدەنەوە بە ڕازی بوون یان ڕازی نەبوون".

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمشەو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاند: ناتانیاهۆ پێشنیازی منی لە بارەی کۆتایییهێنان بە شەڕی غەززە قبووڵ کرد و ئێستاش تۆپەکە لە گۆڕەپانی حەماسدایە تا بە پێشنیازەکە ڕازی بێت.

باسی لەوەش کرد، ئەگەر حەماس بە پێشنیازەکە ڕازی بوو دەست بەجێ ئاگربەست لە غەززە ڕادەگەیەنرێت و شەڕ کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەگەر ڕازی نەبێت، پشتگیری ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی تەواوی بزووتنەوەی حەماس دەکەم.

 
Fly Erbil Advertisment