ماکرۆن: پشتیوانی هەوڵەکانی ترەمپ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکەم

سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە هەوڵ و پلانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە کرد.
دووشەممە 29ی ئەیلوولی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: پێشوازی لە پابەندبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان دەکەم.
دەشڵێت: چاوەڕێش دەکەم ئیسرائیل بە شێوەیەکی جددی کار لەسەر ئەم بنەمایە بکات، باسی لەوەش کرد، حەماس هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو بارمتەکان و پەیڕەوکردنی پلانەکەی ترەمپ.
ماکرۆن جەختیش لەوە دەکاتەوە، ئەم خاڵانە هاوتەریب لەگەڵ بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی و لەسەر ئەو بنەمایانەی کە لەلایەن 142 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراون، لەسەر دەستپێشخەری فەرەنسا و سعوودیە، دەبنە ڕێگەخۆشکەر بۆ گفتوگۆی قووڵ لەگەڵ هەموو هاوبەشە پەیوەندیدارەکان بۆ بنیاتنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە کۆتاییدا سەرۆکی فەرەنسا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پابەندبوون بە پلانەکە پیشاندا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد، هەر دوو سەرۆکەکە دووپاتییان کردەوە ئیسرائیل بە پلانی ترەمپ بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پابەندە.
ڕۆژی سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2025، ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکردەکانی هەر یەکە لە تورکیا، میسر، پاکستان، قەتەر، ئیمارات، ئوردن و ئیندۆنیزیا کۆبووەوە، کە تایبەت بوو بە پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەوە گوتی: "پلانێکمان بە ناوی 'پلانی 21 خاڵیی ترەمپ' بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و غەززە پێشکەشی ئەو وڵاتانە کردووە."