هەشت وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی: شتیوانی لە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکەین

هەشت وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، پشتیوانی لە هەوڵ و پلانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکەن.

دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی سعوودییە، ئوردن، ئیمارات، میسر، قەتەر و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێکی پشتیوانی لە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکەن.

هەروەها ئامادەن خۆیان بۆ هاوکاریکردنی واشنتن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی ترەمپ پیشان داوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ستایشی هەوڵەکانی ترەمپ بۆ ئاگربەستی غەززە و ڕاگرتنی خوێن ڕێشتن لەو کەرتە دەکات و نووسیویەتی: تورکیا بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی و سەرکەوتنی پرۆسەکە ئامادەیە هەموو هاوکارییەک پێشکەش بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد، هەر دوو سەرۆکەکە دووپاتییان کردەوە ئیسرائیل بە پلانی ترەمپ بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پابەندە.

ڕۆژی سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2025، ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکردەکانی هەر یەکە لە تورکیا، میسر، پاکستان، قەتەر، ئیمارات، ئوردن و ئیندۆنیزیا کۆبووەوە، کە تایبەت بوو بە پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەوە گوتی: "پلانێکمان بە ناوی 'پلانی 21 خاڵیی ترەمپ' بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و غەززە پێشکەشی ئەو وڵاتانە کردووە."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment