بەم نزیکانە بەشێکی دووسایدی ماوەران بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە

پرۆژەی دووساید ماوەران لە 35%ـی تەواوکراوە و لە ماوەیەکی نێزیکدا سایدێکی بەڕووی شۆفێرانەوە دەکرێتەوە و پێشبینی دەکرێت بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی کە ساڵی 2027ـە، پرۆژەکە تەواو بێت.

هەڵگورد وەلی، بەڕێوەبەری پرۆژەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم پرۆژەیە پرۆژەی تەواوکردنی شەقامی کۆڕێ شەقڵاوە قەندیلە، بە گوژمەی 90 ملیار دینار لەلایەن کۆمپانیای (North Light)ەوە جێبەجێ دەکرێت، گوتیشی: ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی کارکردن بوو لە سایدی لای ڕاستی پرۆژەکە، کە بە ماوەیەکی پێوانەیی دادەندرێت بۆ تەواوکردنی.

هەڵگورد وەلی  ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەی تەواوکردنی پرۆژەکە بریتییە لە دوو ساڵ، بەڵام بە دڵنییاییەوە ئەم پرۆژەیە بەر لە وادەی خۆی تەواو دەبێت و سایدێکیان تا کۆتایی قیرتاو کراوە و سایدەکەی دیکەشیان تا چینی بەر لە قیرتاوکردن تەواو بووە و تەنیا قیرتاوکردنی ماوە.

سەرپەرشتیاریی پرۆژەکە ڕاشیگەیاند، لە بەیانییەوە دەستدەکەین بە قۆناغی تەواوکاریی لە هەردوو تونێلی ماوەران و میراوە کە بریتین لە بڕگەکانی ئەلیکترۆمیکانیک کە ئاگرکوژێنەوە و ڕووناکی و هەواگۆڕکێ لەخۆ دەگرێت و بە ستانداردی جیهانی پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت.

باسی لەوەشکرد، دەکرێت سایدێکی پرۆژەکە بکرێتەوە بەڵام بەو مەرجەی هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بکرێت بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتی هاووڵاتییان.

هەروەها ڕاشیگەیاند، بە ئامانجی ئەوەی ئەم ڕێگایە ببێتە ڕێگایەکی خێرای سەلامەت، ئێستا خەریکی ڕووپێویی و پلاندانانین بۆ ئەوەی شوێنی پێچکردنەوەکان (یوتێرن) دابخەین لە ڕێگەی باسرمە تا دەگاتە سپیلک و خەلیفان، هەمووی دەکرێن بە بەرزە پردی پێچکردنەوە (ئینتەرچەینج) بۆ ئەوەی ڕێگاکە بە تەواوەتی سەلامەتبێت و هەر لەدوای ڕووپێوانەکە دەستدەکرێت بە جێبەجێکردنی.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment