سزای لە سێدارەدان بۆ سەرۆکی پێشووی کۆنگۆ دەرچوو

دادگای سەربازی کۆنگۆ، بە تاوانی ناپاکی نیشتمانی و چەند تاوانێکی دیکە، سزای لە سێدارەدانی بۆ سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی دەرکرد.
دانیشتنەکانی دادگایی کردنەکە لە مانگی تەمموزەوە بێ ئامادەبوونی جۆزێف کابیلا، سەرۆکی پێشووی کۆنگۆ بەڕێوەدەچن، چونکە شوێنەکەی بزرە و نازاندرێت لە کوێیە.
دادگا کابیلای بە هاوکاریکردنی ڕواندا و گروپی M23ی یاخی لە دەوڵەت تۆمەتبار کردووە، ئەو گروپە یاخییە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێرشی کردووەتە سەر شارەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و بەردەوامە لە هەوڵی داگیرکردنیان، لەلای خۆشییەوە کابیلای سەرۆکی پێشووی کۆنگۆ ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە.
کابیلا، پێشتر لە دەرەوەی کۆنگۆ دەژیا، بەڵام لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە گەڕاوەتەوە شاری گۆما کە یەکێکە لەو شارانەی لە ژێر دەسەڵاتی گروپە یاخییەکەیە، بەڵام شوێنی مانەوەی، بە دیاریکراوی نازانرێت.
کابیلا دوای کوشتنی باوکی خۆی کە سەرۆکی پێشووتری وڵاتەکە بوو، هاتە سەر دەسەڵات و لە ساڵی 2001ـەوە تا ساڵی 2019 لەسەر دەسەڵات مایەوە، دادگاییەکانی کابیلا لە مانگی تەمووزەوە دەستیان پێکرد و تاوانبار کراوە بە تاوانی جەنگ، کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، هەروەها تاوانباکراوە بە ناپاکی نیشتمانی.