حەوتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی دەکرێتەوە

حەوتەمین پیشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، بە بەشداریی 150 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە ڕۆژانی 3 تاکوو 13 تشرینی یەکەم، دەکرێتەوە.

حەسەن ڕەحیم، ڕێکخەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، بە کوردستان24 ڕاگەیاند، پیشانگەی ئەمساڵ بە شێوەیەکی جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو دەکرێتەوە. ئەم جیاوازییە هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، چ لە ڕووی ڕێکخستنی پیشانگەکە و چ لە ژمارە و جۆری بەشداربووان و چ لە ڕووی ناوەرۆکی کتێبەکانەوە.

ڕێکخەری پێشانگەی نیودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی گوتیشی: ئەمساڵ 150 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی و بیانی بە نمایشکردنی ملیۆنان کتێب و سەدان هەزار ناونیشان بە زمانە جیاوازەکان، بەشداری پێشانگەکە دەکەن. لەوانە 70 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بیانی لە 16 وڵاتی جیاوازەوە بەشدار دەبن. 

حەسەن ڕەحیم، هەروا گوتی: بۆ ئاسانکاریی سەردانیکەرانی پیشانگەکە، نزیکەی 40 پاس بۆ گواستنەوەیان لە ناو شارەوە تا پێشانگەکە و گەڕانەوەیان تەرخان کراوە.

حەوتەمین پیشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، کاتژمێر 10ی بەیانیی ڕۆژی هەینی، 3ـی تشرینی دووەم، بە ئامادەبوونی بەرپرسان و داوەتکراوانی ڕەسمیی دەکرێتەوە و لە کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ بۆ هاووڵاتیان کراوە دەبێت.

پیشانگەکە، تا ڕۆژی 13ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانییەوە تا 8ـی شەو بەڕووی هاووڵاتیاندا کراوە دەبێت.

 
Fly Erbil Advertisment