پارکێک و هەشت باخچەی نوێ لە دهۆک دروست دەکرێن

شارەوانیی دهۆک هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی چڕکردووەتەوە و کار لەسەر چەندین پڕۆژەی نوێ دەکات، بە ئامانجی گەیشتن بە ستانداردە جیهانییەکان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2025، شێروان حەسەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانیی دهۆک، بە چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24ی ڕاگەیاند، لە ئێستادا کار لەسەر دروستکردنی هەشت باخچەی نوێ دەکرێت کە پێنجیان لە ڕۆژهەڵات و سیانیان لە ڕۆژئاوای شارەکەن. هاوکات، پارکێکی نوێ لەسەر ڕووبەری 11 هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت.

بەپێی ئامارەکان، ڕێژەی سەوزایی لە شاری دهۆک گەیشتووەتە 15%، بە تەواوبوونی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک پارکی ئالووکا، کە ڕووبەرەکەی یەک ملیۆن و 575 هەزار مەتر دووجایە، پێشبینی دەکرێت ڕێژەی سەوزایی لە شارەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە و بگاتە نزیکەی 20%

یەکێک لە پڕۆژە هەرە گرنگەکان، پلانی سەوزکردنی چیاکانی دەوروبەری دهۆکە، وەک چیای زاوا و سپی. جێبەجێکردنی ئەم پلانە، نەک تەنها سیمایەکی جوانتر بە شارەکە دەبەخشێت، بەڵکوو کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر باشترکردنی کەشوهەوا و پاککردنەوەی هەوا دەبێت.

شارەوانیی دهۆک، گرنگی بە پێشنیازی گەنجان و دیزاینە نوێیەکانیش دەدات. لەم چوارچێوەیەدا و وەک ڕێزگرتنێک لە کاری گەنجان، پلیکانەکانی گەڕەکی زۆزانی کۆن بە شێوازێکی هونەری ڕەنگاوڕەنگ کراون. هەروەها، دیزاینێکی پێشنیازکراو لەلایەن گەنجێکەوە بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد، بۆ پردی شۆڕش لە ناوشاری دهۆک جێبەجێ کراوە.

جگە لە پڕۆژەکانی سەوزایی، شارەوانی کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی شۆستەکان، دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، ڕووناککردنەوەی شەقامەکان و دروستکردنی ڕێڕەوی تایبەت بە نابینایان دەکات. هەروەها، پلانی چاندنی 1000 داری دیکە لە سەنتەری شاردا لەژێر جێبەجێکردندایە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment