ئەمەریکا هەڕەشەی سزادانی عێراق دەکات
نەتەوە یەکگرتووەکان سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و هاوکات ئەمەریکاش هۆشداریی توند دەداتە عێراق و وڵاتانی دیکە کە پابەندی ئەو سزایانە بن، ئەگەرنا ڕووبەڕووی سزای هاوشێوە دەبنەوە.
جێبەجێکردنی ئەم سزایانە بۆ عێراق کارێکی ئاسان نابێت، بەهۆی بوونی سنوورێکی درێژی 1400 کیلۆمەتری و قەبارەی بازرگانیی گەورەی نێوانیان کە ساڵانە دەگاتە نزیکەی 25 ملیار دۆلار. ئەم پەیوەندییە ئابوورییە قووڵە وای کردووە عێراق بکەوێتە دۆخێکی هەستیارەوە.
شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە کە ئەم سزایانە کاریگەریی نەرێنیی گەورەیان لەسەر ئابووریی عێراق دەبێت. محەممەد کەلابی، مامۆستای زانکۆ، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، پێی وایە زۆربەی مامەڵە بازرگانییەکان لەگەڵ ئێراندا دەوەستن و ئەمەش کاریگەریی خراپی ئابووریی لەسەر عێراق دەبێت، بەتایبەت کە عێراق بۆ دابینکردنی بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی پشت بە ئێران دەبەستێت.
پەیوەندی نێوان ئێران و عێراق لە پەیوەندییەکی ئاسایی دراوسێتی نێوان و دوو وڵات زیاترە و ئەمەریکا دەیان جار هۆشداری داوەتە عێراق کە سنوورەکانی لەگەڵ ئێران تۆکمە بکات و بە قاچاخ بردنی دۆلار و نەوت و شتومەک ڕابگرێت و سەروەری خاکەکەشی لە جموجۆڵی سەربازی بپارێزێت و گرووپە چەکدارانی نزیک ئێرانیش کۆنترۆڵ بکەن.
عەلی حەبیب، شرۆڤەکاری سیاسی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە "نابێت عێراق لەبەر ئێران خۆی تووشی سزا بکات." بە بڕوای ئەو، فشارەکانی ئەم جارەی ئەمەریکا جیاوازن و پێویستە عێراق پابەندی بڕیارەکان بێت، ئەگەرنا ڕاستەوخۆ سزا دەدرێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان بە میکانیزمی سناپباک لە ڕێگای بەرنامەی ئەتۆمییەوە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندووە کە بریتییە لە ئابڵۆقە خستنە سەر سەروەت و سامانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و ڕاگرتنی گرێبەستی چەک لەگەڵ تاران، هەر جۆرە پەرەسەندنێکی دیکەی بەرنامەی مووشەکی بالیستی ئێرانی ئەنجام بدرێت ، سزاکان زیاتر دەکرێن .