بۆمبێکی فڕۆکە لە قەسرێ هەڵگیرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە هەولێر ڕایگەیاندووە، بۆمبێکی فڕۆکەیان لە شارەدێی قەسرێ هەڵگرتووەتەوە و گواستوویانەتەوە کۆگایەکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تا ئەو کاتەی بە سەلامەتی لەناوی دەبەن.
سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە هەولێر ڕایگەیاند: دوای ئەوەی لە لایەن ئاسایشی شارەدێی قەسرێی سەر بە قەزای چۆمان ئاگادارکراونەتەوە کە ( بۆمبێکی فڕۆکە) لە ناوچەکە دەرکەوتووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی مەترسیداری بابەتەکە، بە فەرمانی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین، تیمی لەناوبردنی تەقەمەنییەکانی بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر، چوونەتە شوێنی مەبەست و دەرکەوتووە بۆمبەکە لەجۆری (SAB BOMB :250kg) و لەلایەن سوپای عێراقەوە بەکارهاتووە، بەڵام نەتەقیوەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، دوای ئەنجامدانی ڕێوشوێنی تەکنیکی پێویست و سەلامەت، بۆمبەکە گواسترایەوە کۆگای سەرەکی بەرێوەبەرایەتی گشتی بۆئەوەی لەکاتێکی گونجاودا لەناوببردرێت.