سەرچاوەیەك چارەنووسی ھەر چوار رفێندراوەكەی فەرحاتییەی ئاشكرا كرد

"گومان نەماوە لەوەی ھەر چوار رفێندراوانی فەرحاتییە كوژراون"

K24 – ھەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوەیەكی ئەمنی، چارەنووسی ئەو چوار رفێنداراوانەی مابوون لە فەرحاتییەی سەر بە قەزای بەلەد لە باشووری پارێزگای سەلاحەدین ئاشكراكرد.

سەرچاوەكە گوتی: "لەم چەند كاتژمێرەی رابردوو دەركەوت، گومان نەماوە لەوەی ھەر چوار رفێندراوانی فەرحاتییە كوژراون".

گوتیشی: "ھێزە ئەمنییەكان دەستیان بە گەڕان كردووە بە دوای تەرمی ئەو كه‌سانه‌دا.

پێشتر سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاندبوو، 12 كەس لە ناوچەی فەرحاتییە لە بەلەد رفێندراون و دوای چەند كاتژمێرێك كوژرانی 8 كەس لەو رفێندراوانەی راگەیاند.

ئەم تاوانە ناڕەزایەكی ناوخۆیی و دەرەكیی لێكەوتەوە و بەتوندی سەركۆنە كرا. لە ھەرێمی كوردستانیش سەرۆك مەسعود بارازنی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە توندی سەركۆنەی ئەم تاوانەیان كرد. ھەروەھا ئەمەریكاش جگە لە سەر كۆنەكردنی ئەو رووداوە ھاوكات لایەنەكانی ناو حەشدی شەعبیی بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە تۆمەتباركرد.