کورتوڵموش لەبارەی دیداری کۆمیسیۆن و ئۆجەلان و داننان بە زمانی کوردی؛ وەڵامی پەکەکە دەداتەوە

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (وێنە: AA)
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (وێنە: AA)

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دووپاتی دەکاتەوە "چاکسازی یاسایی ناکەین تا پەکەکە و لقەکانی چەک دانەنێن". جەختیش دەکاتەوە، جگە لە زمانی تورکی، هیچ زمانێکی دیکە وەک زمانی فەرمی قبووڵ ناکەن. 

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتییەوە قسەی کردووە و ڕایگەیاندووە، قۆناغی یاسایی پرۆسەی ئاشتی کاتێک دەست پێدەکات کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، لەنێویاندا ئەوانەی لە سووریاشن، چەکەکانی دادەنێت. دواتر دەست بە هەندێک چاکسازی یاسایی تایبەت بە پرۆسەکە دەکەن.

کورتوڵموش ئاماژەی بەوەش داوە، دوای ئەوەی پەکەکە بەتەواوەتی هەڵوەشایەوە، ڕێکخستنی یاسایی بۆ ئەو ئەندامانەی ڕێکخراوەکە دەکەن کە دەستیان لە تاواندا نییە، بەڵام دۆخی ئەوانەی دەستیان لە تاواندا هەبووە، کەمێک ئاڵۆزتر دەبێت. 

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لەوەش کرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆچوونەکانی خۆی لە ڕێگەی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارێزەرەکانییەوە دەخاتە ڕوو، بەڵام تا ئێستا کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمان لەگەڵ ناوبراو لە بەرنامەدا نییە. ئەگەر بخرێتە بەرنامەشەوە، پێویستە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆمیسیۆن پەسەند بکرێت، ئینجا دەکرێت لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختیشی کردەوە کە تەنانەت ناتوانرێت گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکرێت کە جگە لە زمانی تورکی، هیچ زمانێکی دیکە وەک زمانی فەرمی قبووڵ بکرێت و پرۆسەکە هیچ بابەتێک لەخۆ ناگرێت کە زمانێکی دیکە لە تورکیا بکرێتە فەرمی.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ـی ئۆکتۆبەری 2025، دوای دوو مانگ پشووی پەرلەمانی تورکیا، وەرزی نوێی یاسادانان دەست پێدەکات. هاوکات، پرۆسەی ئاشتیش لە وڵاتەکەدا ئەمڕۆ یەک ساڵ تێپەڕاند.

 

کەجەکە: ئەگەر کۆمیسیۆنی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆنەبێتەوە، پرۆسەکە پێش ناچێت

 

لەلایەکی دیکەوە، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، بە توندی هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆنەبێتەوە، پرۆسەکە بەرەو پێش ناچێت."

مستەفا قەرەسوو، بۆ میدیاکانی نزیک لە پەکەکەی ڕاگەیاندووە کە ساڵێک بەسەر پرۆسەی ئاشتیدا تێپەڕیوە و "چی کەوتبێتە سەر شانی ئێمە، جێبەجێمان کردووە و ئێستا نۆرەی دەوڵەتی تورکیایە."

ڕاشیگەیاند، پێویستە کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبێتەوە، ئەگەر نا، پرۆسەکە بەرەو پێش ناچێت. بە گوتەی قەرەسوو، مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆجەلان، ڕەوتی پرۆسەکە دیاری دەکات.

قەرەسوو جەختیشی کردەوە، پەرلەمانی تورکیا دەتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات و بۆ ئەمەش پێویستە هەنگاوی بوێرانە و خێرا بنێت.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment