کووزەڵە؛ ئەو سەوزە جیاوازەی بژێوی ژیانی جووتیارێکی دابین کردووە

لە شارۆچکەی خورماڵ، جووتیارێکی گەنج بە ناوی فەرەیدوون غەفار، بە چاندنی سەوزەیەکی جیاواز و بەسوود ناسراو بە "کووزەڵە"، سەرنجی بازاڕی کشتوکاڵی ناوچەکەی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە. 

ئەم جووتیارە لەسەر ڕووبەری نزیکەی دوو دۆنم زەوی، بە شێوەیەکی سەرەکی ئەم بەرهەمە دەچێنێت و بژێوی ژیانی خۆی پێ دابین دەکات.

فەرەیدوون غەفار لە ساڵی 20020ـەوە دەستی بەم کارە کردووە و ئێستا نیوەی زیاتری زەوییەکەی بۆ چاندنی کووزەڵە تەرخان کردووە. ئەو لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "پشت بەستنم بە کووزەڵە بۆ دابینکردنی داهاتم بووەتە هۆی سەرکەوتنم. یەکێک لە تایبەتمەندییە باشەکانی ئەم سەوزەیە ئەوەیە کە هەر 15 ڕۆژ جارێک دەتوانرێت بچنرێتەوە و دووبارە گەشە دەکاتەوە."

کووزەڵە، کە بە ئینگلیزی پێی دەوترێت  "Watercress"، ڕووەکێکی ئاوییە و لە نزیک کانیاو و جۆگەلەکان دەڕوێت. ئەم سەوزەیە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و کانزاکانی وەک ئاسن و کالسیۆم. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە کووزەڵە چەندین سوودی تەندروستی هەیە، لەوانە یارمەتیدان لە خۆپاراستن لە هەندێک جۆری شێرپەنجە، بەهێزکردنی ئێسقان و پاراستنی تەندروستی دڵ.

پێشتر کووزەڵە لە بازاڕەکانی کوردستاندا هێندە باو نەبوو، بەڵام فەرەیدوون توانیویەتی ئەم بەرهەمە بکاتە بەشێک لە سەبەتەی سەوزەی هاووڵاتییان. 

ئەو گوتی "وام کردووە کوزەڵە بچێتە ڕیزی سەوزەکانی دیکەی وەک کەوەر و کەرەوز و لەلایەن سەوزەفرۆشەکانەوە بفرۆشرێت. هەروەها خواستێکی زۆری لەسەرە و زۆر کەس ڕاستەوخۆ دێنە کێڵگەکەم بۆ کڕینی."

یەکێک لە کڕیارەکان، بە ناوی دانا ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا کە گرنگییەکی زۆر بە خواردنی سروشتی و سەوزە دەدات. دانا دەڵێت، "لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ئاشنای کارەکەی فەرەیدوون بووم و هاتم بۆ ئێرە تا کووزەڵەی لێ بکڕم، چونکە دڵنیام لەوەی کە لە شوێنێکی پاک و بە ئاوێکی خاوێن بەرهەم دێت."

چیڕۆکی سەرکەوتنی فەرەیدوون غەفار نموونەیەکە بۆ جووتیارانی دیکەی ناوچەکە کە دەتوانن بە بیرۆکەی نوێ و چاندنی بەرهەمی جیاواز، داهاتی خۆیان زیاد بکەن و هاوکات بەرهەمی تەندروست و خۆماڵی پێشکەش بە بازاڕەکان بکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment