پێنج سایلۆی دیکە لە هەرێمی کوردستان درووست دەکرێن

بە درووستکردنی سایلۆکان ساڵانە میلۆنێک و 500 هەزار تۆن دانەوێڵە کۆگا دەکرێت

K24 – ھەولێر:

سەرۆکی حکومەت رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر درووستکردنی پێنج سایلۆ لە ھەرێمی کوردستان. تێچووی ھەر سایلۆیەک بە بیست ملیار دینار خەمڵێندراوە و بە تەواوبوونیشیان دەتوانرێت ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک و 500 ھەزار تۆن دانەوێڵە ھەڵبگیرێت.

بونیادنانی ژێرخانێکی بەھێز بۆ ئاسایشی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان ھەنگاوەکانی دەستیپێکردووە و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریداوە ھەرچی پێویستبێت بۆ پاراستی ئاسایشی خۆراک ئەنجامی دەدەن. رەزامەندیش دراوە لەسەر درووستکردنی 5 سایلۆ لە ھەرێمی کوردستان، کە ساڵانە توانای عەمبارکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن دانەوێڵەی دەبێت.

فەتحی محه‌مه‌د، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گوتی: ئامانجی ئەم کابینەیە بونیادنانی ئاسایشێکی خۆراکی بەھێزە بۆ ھەرێمی کوردستان لە پیناو ئەم ئامانجەش ھەرچی پیێبکرێت درێغی ناکات. دەڵێت  ئامانجیشمانە ئاستی کۆگاکردنی دانەوێڵەی ساڵانە بگەیەنینە یەک ملیۆن تۆن.

ھەرێمی کوردستان خاوەنی نزیکەی 12 سایلۆی گەورە و بچووکە و پێش کۆتایی ئەمساڵیش سێ سایلۆی دیكە کارەکانیان تەواو دەبێت. ئێستا سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان توانای عەمبارکردنی 816 ھەزار تۆن دانەوێڵەیان ھەیە. لە پارێزگای ھەولێر دەتوانرێت ساڵانە 240 ھەزار تۆن دانەوێڵە عەمبار بکرێت. لە پارێزگای دھۆکیش ساڵانە دەتوانرێت 221 ھەزار تۆن دانەوێڵە عەمباربکرێت. پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیانیش ساڵانە دەتوانن 255 ھەزار تۆن گەنم عەمبار بکەن.

بودجەش تەرخان کراوە بۆ درووستکردنی 5 سایلۆی گەورەی دانەوێڵە لە ھەولیر و دھۆک و ھەڵەبجە و زاخۆ و کفری. تێچووی ھەر سایلۆیەک بە 20 ملیار دینار خەمڵێنراوە.  بەتەواوبوونیشیان ساڵانە دەتوانرێت نزیکەی ملیۆنێک و 500 ھەزار تۆن دانەوێڵە ھەڵبگیرێت.

Fly Erbil Advertisment