پسپۆڕانی بواری وزە: هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ئاسایشی وزەی تورکیا و ئەورووپا بەهێزتر دەکات

پسپۆڕانی بواری وزە جەخت دەکەنەوە، هەناردەکردنەوەی نەوت، ئاسایشی وزەی تورکیا و ئەورووپا بەهێزتر دەکات، تەنانەت دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستانیش. 

دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بە فەرمی دەستیپێکردووەتەوە. ئەم هەنگاوە دوای ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی گرنگ دێت لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان.

یەکەم کاروانی نەوت لە ڕێکەوتی 27ی ئەیلوولی 2025، لەڕێگەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە هەناردە کرا، کە لە قۆناغی یەکەمدا بڕی 190 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت. پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم بڕە بۆ 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبکرێتەوە. هاوکات بەپێی ڕێککەوتنەکە، بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.

ئەم پێشهاتە ستراتیژییە کاریگەرییەکی ئەرێنی گەورەی لەسەر ئاسایشی وزەی تورکیا و ئەوروپا دەبێت. شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم هێڵە بۆرییە ڕێگەیەکی متمانەپێکراوتر و کەمتر تێچووی بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراقە بە بەراورد لەگەڵ گواستنەوەی دەریایی لە بەسرەوە.

بە گوتەی ئەکادیمیست، عەلی ئۆغوز دریۆز، "ڕێککەوتنی هەناردەکردن ئاسایشی وزەی تورکیا و ئەوروپا بەهێزتر دەکات." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی و زیادکردنی داهات خۆش دەکات، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بووژانەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان.

لێکەوتە داراییەکانی ئەم ڕێککەوتنە بەرچاون و چاوەڕوان دەکرێت مانگانە نزیکەی 400 بۆ 500 ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی فیدراڵیی عێراق دابین بکات. بۆ مسۆگەرکردنی شەفافیەت، پارەی فرۆشی نەوتەکە لەڕێگەی سیستەمی بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکاوە دەبێت. بەپێی ڕێککەوتنەکە، کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەردەگرن وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە.

ئۆغوزهان ئاکیەنەر، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و سیاسیی وزەی تورکیا (TESPAM)، ڕایگەیاند: "هەرچەندە قەبارەی هەناردەکردن لە سەرەتادا کەمە، بەڵام توانای هێڵە بۆرییەکە ڕێگە بە زیادکردنێکی بەرچاو دەدات. ئەگەر نەوتی کەرکووکیشی بخرێتە سەر، کۆی گشتیی هەناردەکردن دەتوانێت بگاتە 700 بۆ 800 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا."

هێڵی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، کە درێژییەکەی نزیکەی 900 کیلۆمەترە تا دەگاتە بەندەری جەیهان لەسەر دەریای ناوەڕاست، گەورەترین هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستانە. دەستپێکردنەوەی ئەم پرۆسەیە تەنها وەک بووژانەوەیەکی ئابووری سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک هەنگاوێک بەرەو هاوکاری و سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا لێک دەدرێتەوە.

پرۆسەی هەناردەکردن لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 و دوای بڕیارێکی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی (ICC) لە پاریس ڕاگیرا، کە تورکیای بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ساڵی 1973 تۆمەتبار کردبوو بەهۆی ڕێگەدان بە هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوت. 

 
 
Fly Erbil Advertisment