بەریتانیا گەمارۆ دەخاتە سەر 121 کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانی

دوابەدوای کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، حکوومەتی بەریتانیا ناوی 121 کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانی بۆ لیستی گەمارۆکان زیاد کرد.
چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەم 2025، وەزارەتی گەنجینەی بەریتانیا، لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە "لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی لیستی گەمارۆکاندا، ژمارەیەک کەسایەتی و دامەزراوەی ئیرانی, بەهۆی پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە، خستووەتە ژێر ڕێکاری بلۆککردنی داراییەوە."
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی بەریتانیادا هاتووە "فەرمان بە بانک و دامەزراوە داراییەکان کراوە، هەژمار و سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەو کەسایەتی و دامەزراوانە بلۆک بکەن و هەموو جۆرە مامەڵەیەکیان لەگەڵدا ڕابگرن."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بە گشتی 121 ناوی کەسایەتی و دامەزراوەی نوێ بۆ لیستی گەمارۆکان زیاد کراون؛ لە نێویاندا ژمارەیەک بەرپرس و پسپۆڕی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، فەرماندەکانی سوپای پاسداران، کۆمپانیاکانی سەر بە پیشەسازیی بەرگری، ناوەندەکانی توێژینەوە و چەندین بانکی ئێرانی، بەدی دەکرێن.
بەپێی ئەو وردەکارییانەی بڵاو کراونەتەوە، لیستی گەمارۆکان، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران و ناوەندەکانی سەر بەو ڕێکخراوە لە ئەسفەهان، نەتەنز و کەرەج، هەندێک کۆمپانیای دارایی و کەشتیوانی، چەند کۆمپانیایەکی پیشەسازی و توێژینەوە، لەوانە نەوین ئێنێرجی و میسباح ئێنێرجی، هەروەها ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و بەڕێوەبەران و پسپۆڕانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەگرێتەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی بەریتانیا، هاتووە "دامەزراوە داراییەکان ئەرکدار کراون بە بلۆککردنی سەروەت و سامانی ئەو کەس و لایەنانەی ناویان هاتووە و هەموو جۆرە ئاڵوگۆڕ و پێشکەشکردنێکی خزمەتگوزاریی دارایی بەوان قەدەغەیە. پابەندنەبوون بەم ڕێنماییانە یان هەوڵدان بۆ دەربازبوون لێیان، سزایی بەدواوە دەبێت."
ئێران، هەنگاوی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و ئەمەریکا بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، ڕەت دەکاتەوە و بە نایاسایی ناوی دەبات و دووپاتی دەکاتەوە "بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە و کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، نەک هەر نایاساییە، بەڵکو هەنگاوێکی سیاسی و بێکاریگەرە."