99%ـی ڕێگای سماقوولی-گۆمەسپان تەواو بووە

پڕۆژەی ڕێگای ستراتیژیی سماقوولی-گۆمەسپان، کە بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی ژێرخانی ئابووری و گەشتیاریی ناوچەکە دادەنرێت، لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و بەمزووانە بە ڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە.
ئەمیر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێگاوبانی کۆمپانیای هێمن گرووپ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کارەکانی پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی سماقوولی-گۆمەسپان-چواردەوری بەنداو گەیشتووەتە 99% و بەمزووانە بە ڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە.
ئەم پڕۆژە ستراتیژییە کە درێژییەکەی 22 کیلۆمەترە، بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان دروست کراوە و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە هۆی بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری و ئاسانکاری لە هاتوچۆدا.
ئەمیر عەبدولخالق، گوتی: "ڕێگاکە دوو ئاراستەیە و هەر ئاراستەیەک لە سێ ڕێڕەو پێکدێت، دوو ڕێڕەو بۆ هاتوچۆ و یەکێکیان بۆ فریاگوزاری تەرخانکراوە. پانیی هەر ئاراستەیەک 10مەترە و بە سێ چین قیرتاو کراوە کە ماددەی پۆلیمەری تێدا بەکارهاتووە بۆ خۆڕاگریی زیاتر بەرامبەر فشار."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە سێ پرد، شەش ژێر پرد و 70 ئاوبەری سندوقی بە قەبارەی جیاواز لەخۆدەگرێت. جەختی لەوەش کردەوە، لە میانی کارکردندا، بڕین و پڕکردنەوەیەکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری بەنداوەکە ئەنجام دراوە، کە لە هەندێک شوێن گەیشتووەتە 60 مەتر.
ناوبراو دووپاتی کردەوە، ئەم پڕۆژەیە لە دەربەندی گۆمەسپانەوە دەست پێدەکات و چوارڕیانی گۆمەسپان بە ڕێگای سماقوولی دەبەستێتەوە و بە چواردەوری بەنداوی گۆمەسپاندا دەسوڕێتەوە؛ ئەمەش وادەکات لە داهاتوودا ببێتە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی هەرێمی کوردستان. کردنەوەی ئەم ڕێگایە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی نێوان شەقڵاوە و ناوچەکانی دیکە دەکات و قەرەباڵغی سەر ڕێگاکانی تر کەم دەکاتەوە.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێگاوبانی کۆمپانیای هێمن گرووپ، ئاشکرای کرد، کارکردن لە پڕۆژەی ڕێگای هەولێر-گۆمەسپانیش بەردەوامە. ئەم ڕێگایە کە پێشتر بە "ڕێگای مەرگ" ناسرابوو بەهۆی زۆریی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، درێژییەکەی 16کیلۆمەترە. ئەو گوتی: "لە 14ی حوزەیرانەوە دەستمان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کردووە و تا ئێستا 13 کیلۆمەتری قیرتاو کراوە و هاتوچۆی بەسەردا دەکرێت، لە داهاتوویەکی نزیکیشدا بەشی چەپی ڕێگاکە بە تەواوی دەکرێتەوە."