ئەمهریکا سزای نوێ بە سەر 38 کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانیدا دەسەپێنێت

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر 21 دامەزراوە و 17 کەسایەتی ئێرانیدا سەپاند، بەهۆی تێوەگلانییان لە تۆڕەکانی دابینکردنی تەکنۆلۆجیای هەستیاری تایبەت بە بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکەی سەربازیی ئێران.
چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەم 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند "ئەم کەسایەتی و دامەزراوانە خراونەتە سەر لیستی سزاکان، چونکە تێوەگلاون لە دابینکردنی کەرەستە و تەکنۆلۆجیای هەستیار بۆ وەزارەتی بەرگریی و هێزەچەکدارەکانی ئێران و بەهێزکردنی تواناکانی بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکەی سەربازی."
وەزارەتەکە، هەروا ڕایگەیاندووە "تواناکانی ئێران لە بواری مووشەکی بالیستی و چەکی ئاساییدا، هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر کارمەندانی خزمەتگوزاری ئەمەریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمەریکا کە بە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا تێدەپەڕن و هاوڵاتیانی مەدەنی، دروست دەکەن."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، سزا نوێیەکانی لە چوارچێوەی پشتگیریی لە کاراکردنەوەی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا، ڕاگەیاند.
وەزارەتەکە، جەختی لەوەش کردەوە "پێویستە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەپەلە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکی و چەکەکانی دیکەی ئێران جێبەجێ بکەن. لەوانەش قەدەغەکردنی کڕینی چەک، کۆنترۆڵی هەناردەکردن، قەدەغەکردنی گەشتکردن، سڕکردنی دارایی و سامان و سنووردارکردنەکانی دیکە بۆ سەر ئەو تاک و دامەزراوانەی، بە بانکەکانیشەوە، کە لە چالاکییە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێراندا تێوەگلاون."
سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا گوتی: پاڵپشتی ئێران بۆ گرووپە چەکدارەکان و هەوڵدانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆم، هەڕەشە لە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانمان لەسەرتاسەری جیهان، دەکات؛ ئێمە، بە ڕابەرایەتیی سەرۆک ترەمپ، ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم.
بیسنت، هەروەها گوتی: ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەڵامدانەوەی خواستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو بۆ قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و هەوڵەکانی ئێران بۆ تێکدانی ئاسایشی جیهان لە ڕێگەی وەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم.
سزا نوێیەکان، تۆڕەکانی پشتیوانیی سەربازیی ئێرانی دەگرنەوە کە لە چەندان وڵاتدا بڵاو بوونەتەوە. یەکێک لەوانە، تۆڕێکە پارچەی پێویست بۆ ڕێکخراوی پیشەسازیی ئاسمانیی سەر بە وەزارەتی بەرگری و هێزی ئاسمانی و دامەزراوەکانی سەر بەو، لەوانەش "گرووپی پیشەسازیی باکری" دەکڕێت، کە بەرپرسە لە بەرنامەی مووشەکیی بالیستیی ئێرانی.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی بۆ سەر ئێران، کارا کردەوە.