شاندێکی سەربازیی سووریا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان گەیشتنە مۆسکۆ

شاندێکی فەرمی وەزارەتی بەرگری سووریا بە سەرۆکایەتی عەلی نەعسان، سەرۆکی ئەرکانی سوپای سووریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2025، گەیشتنە مۆسکۆ و لەلایەن یونس بیک یڤکورۆڤ، جێگری وەزیری بەرگری ڕووسیا پێشوازییان لێکرا.
لەوبارەوە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، ئامانجی سەردانەکە پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هاوکاریی سەربازیی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتە.
ئەم سەردانە لەچوارچێوەی داڕشتنەوەی پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان دیمەشق و مۆسکۆیە، دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم دواییەوڵاتەکە و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، هەروەها مۆسکۆ و حکوومەتی نوێی سووریا هاوڕان لەسەر داڕشتنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکان، کە بوونی ڕووسیا لە بنکە سەربازییەکانی سووریا و ڕۆڵی بەردەوامی لە هاوکێشەی ئاسایشی ناوچەکەدا لەبەرچاو بگیرێت.
چاودێران دەڵێن: ئەم هەنگاوە هەوڵێکە بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ هاوکاریی بەرگریی و گرنگیدان بە دووبارە داڕشتنەوەی پلانی دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا و پەرەپێدانی هەماهەنگی ئۆپەراسیۆن لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیا.
لە کۆتایی مانگی تەممووزی ڕابردوودا، شاندێکی باڵای سووریا بەسەرۆکایەتی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری سووریا چوونە ڕووسیا و زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆی چڕوپڕیان لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردەکانی ڕووسیا کرد.