بژار كۆچه‌ر: ناردنی راپۆرتی چاكسازی له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆ په‌رله‌مان ئاماژه‌ی نیازپاكییه
له رووى یاساییه‌وه هیچ ده‌قێكى یاسایى له‌ناو یاساى چاكسازى دا نه‌هاتووه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى لیژنه‌ی یاسایى په‌رله‌مانی كوردستان، بژار كۆچه‌ر، رایگه‌یاند، ناردنى راپۆرتى جێبه‌جێكردنى یاسایى چاكسازى ژماره (2)ـى ساڵى (2020) له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ په‌رله‌مانى كوردستان ئیراده و نیازپاكى حكومه‌ت به‌رامبه‌ر هه‌نگاوه كردارییه‌كانى چاكسازى نیشان ده‌دات، چونكه له رووى یاساییه‌وه هیچ ده‌قێكى یاسایى له‌ناو یاساى چاكسازى دا نه‌هاتووه كه حكومه‌ت ناچار بكات به ناردنى راپۆرتێك له هه‌رسێ مانگ جارێك بۆ په‌رله‌مان وه‌ك ئه‌وه‌ى كه باس ده‌كرێت.
بژار كۆچه‌ر، له نووسینێكدا، باسی له‌وه‌شكردووه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى یه‌كێك له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و لیژنه‌كانى په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران، چاودێریكردنى كار‌و ئه‌ركه‌كانى حكومه‌ته و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا په‌رله‌مان بۆى هه‌یه به‌رده‌وام به دواداچوون بو پرۆسه‌ى جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازى و یاساكانى تر بكات، به‌ڵام ناردنى ئه‌و راپۆرته‌ى حكومه‌ت كه ئاراسته‌ی په‌رله‌مانى كوردستان كراوه هه‌نگاوێكى باش و گرنگه، هه‌م بۆ په‌رله‌مانى كوردستان و هه‌م بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.