شاندێکی زانکۆی دهۆک لە ئەڵمانیایە و یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی گرنگی واژۆ کردووە
چەند ڕۆژێکە شاندێکی زانکۆی دهۆک لە ئەڵمانیایە و یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی کۆڵن واژۆ کردووە.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، 30ـی ئەیلوولی 2025، لەسەر داوای فەرمیی زانکۆی کۆڵن لە وڵاتی ئەڵمانیا، شاندێکی باڵای زانکۆی دهۆک سەردانی زانکۆی ناوبراویان کرد.
شاندەکە لە د. داود سلێمان ئەتروشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک؛ د. دلدار حاجی موسا، ڕاگری کۆلێژی پزیشکی؛ د. ئەحمەد محەمەد، ڕاگری کۆلێژی پەرستاری و د. موئەیەد ئەغالی، مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی دهۆک پێکهاتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02ـی تشرینی یەکەمی 2025، د. داوود ئەتروشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەیان، پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمی و زانستییەکان و تاوتوێکردنی هەلی کاری هاوبەش، بەتایبەتی لە بواری پزیشکی و ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکاندایە.
سەرۆکی زانکۆی دهۆک باسی لەوەش کرد، لە هەنگاوێکی نوێی ستراتیژیدا بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی کۆڵن لە ئەڵمانیا واژۆ کردووە. گوتیشی "ئەم ڕێککەوتنە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوان هەردوو زانکۆ و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بواری پزیشکیدا."
لە درێژەی سەردانەکەدا، دوێنێ چوارشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆکی زانکۆی دهۆک، لەگەڵ د. جۆیبراتۆ موخارژی، سەرۆکی زانکۆی کۆڵن و سەرۆکی ڕێکخراوی (DAAD)ـی ئەڵمانی کۆبووەوە.
سەرۆکی زانکۆی دهۆک بە کوردستان24ـی گوت "لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی هاوکاریی ئەکادیمی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو زانکۆ کرا و جەخت لەسەر فراوانکردنی کاری هاوبەشیی ئەکادیمی کرایەوە. د. جۆیبراتۆ موخارژی، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی باڵای زانکۆی دهۆک دەربڕی و پشتیوانی خۆی بۆ کارە زانستییە پزیشکییە هاوبەشەکان دووپات کردەوە."
بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی دهۆک "ڕێکخراوی (DAAD)ـی ئەڵمانی چەندین ساڵە پشتیوانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دەکات و هەروەها پاڵپشتی چەندین پڕۆژەی گرنگی زانکۆی دهۆکی کردووە." ئاماژەی بەوەش دا "هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەدا و بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو، ئەنجامدانی توێژینەوە و ڕاهێنانی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی لەنێوان هەردوو زانکۆدا، شاندی زانکۆکەمان لەگەڵ د. گێرد فێتکنهۆیر و هاوکارانی کۆبوونەوە."
سەرۆکی زانکۆی دهۆک دووپاتی کردەوە، زانکۆکەیان ماوەی چەندان ساڵە، پەیوەندیی لەگەڵ دامەزراوەکانی خوێندنی ئەڵمانیادا هەیە. جەختیشی کردەوە "پەیوەندی و پڕۆژەی زۆر سەرکەوتوومان لەگەڵیاندا هەبووە. ئەڵمانیا وڵاتێکی زۆر جددییە و دامەزراوەکانیشیان زۆر جددین. حکوومەتی وڵاتەکە زۆر پشتیوانیی ئەو پەیوەندی و کارە زانستی و ئەکادیمیانەی کردووە کە لەنێوان زانکۆکانی ئەڵمانیا و زانکۆی دهۆک لە کوردستاندا هەیە."
ئەتروشی باسی لەوە کرد "ئێمە سێ بڕوانامەی هاوبەشمان لەگەڵ زانکۆکانی ئەڵمانیادا هەیە. هەروەها پڕۆژەیەکمان لەگەڵ ئەڵمانیادا هەیە کە ماوەکەی سێ ساڵە و بریتییە لە کردنەوەی کلینیکێک لەناو زانکۆی دهۆک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی تووشی ماددە هۆشبەرەکان بوون، کە ئێستا کلینیکەکە کراوەتەوە."
















