نوێکردنەوەی ئەلیکترۆنیی مافی نیشتەجێبوون بۆ پەناخوازانی بەریتانیا نامێنێت

حکوومەتی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی پارتی کرێکاران، گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیاسەتی کۆچ و پەنابەریدا ڕاگەیاند.
شەوی چوارشەممە (01ـی تشرینی یەکەمی 2025)، حکوومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، چیتر مافی نیشتەجێبوون و یەکگرتنەوەی خێزان بە شێوەی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو کەسانە نوێ ناکاتەوە کە مافی پەنابەریەتی ئەو وڵاتەیان هەیە. ئەم بڕیارە هەروەها ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە مافی مانەوەی هەمیشەییان هەیە.
لە کۆنگرەی ساڵانەی پارتی کرێکاران، شابانا مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەی پشتیوانیی لایەنە پۆپۆلیستییەکانە، بەتایبەتی بەرانبەر بەو کۆچبەرانەی بە شێوەیەکی نایاسایی و لە ڕێگەی بەلەم و یەختەوە لە فەڕەنساوە دەگەنە وڵاتەکە.
هاوکات، ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئێستادا مافی مانەوەیان هەیە، دەتوانن دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ داوای مانەوەی هەمیشەیی بکەن، بەڵام ئەمەش گەرەنتیی مانەوەی هەمیشەییان ناکات؛ چونکە بوون بە هاووڵاتی بەریتانی پرۆسەیەکی درێژتر و پێویستی بە هەوڵ و مەرجی زیاتر دەبێت.
بەشێکی ئەو پابەندییانەی پێویستە کەسێک جێبەجێیان بکات تا ببێتە خاوەنی مانەوەی هەمیشەیی لەو وڵاتە: ژیان لە بەریتانیا بۆ ماوەی 10 ساڵ (کە پێشتر 5 ساڵ بوو)، کارکردن، پێدانی باجی بیمەی نیشتمانی، وەرنەگرتنی هیچ یارمەتییەکی حکوومی، فێربوونی زمانی ئینگلیزی بە ئاستێکی باش، نەبوونی هیچ تۆمارێکی تاوانکاری، و بەشداریکردن لە کۆمەڵگەدا لە ڕێگەی خۆبەخشینەوە.
بەپێی دوایین داتاکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە (2025) تا ئێستا، زیاتر لە 32 هەزار کۆچبەری نایاسایی بەم ڕێگایە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵانی ڕابردوودا و حکوومەتی ئێستای پارتی کرێکارانی خستووەتە ژێر فشارەوە، کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی دابوو.