توێژینەوەیەک مەترسییەکانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر مێشکی منداڵان ئاشکرا دەکات

توێژینەوەیەکی گشتگیر و نوێی پەیمانگەی (کارۆلینسکا)ی سویدی ئاشکرای دەکات، ئەو منداڵانەی کاتێکی زۆر لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەسەر دەبەن، وردە وردە تووشی دابەزینی توانای سەرنجدان (Concentration) دەبن.

 توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری زانستیی Pediatrics Open Science بڵاو کراوەتەوە، چاودێریی زیاتر لە 8,000 منداڵی کردووە لە تەمەنی 10 بۆ 14 ساڵیدا بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە.
لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا، بەکارهێنانی شاشە و میدیای دیجیتاڵی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەکانی کەم‌سەرنجی و فرەجووڵەیی (ADHD) لە سوید و وڵاتانی دیکە. 

لەم چوارچێوەیەدا، توێژەرانی پەیمانگەی کارۆلینسکا لە سوید بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی تەندروستی و زانستیی ئۆریگۆن لە ئەمەریکا، لێکۆڵینەوەیان لەسەر پەیوەندیی نێوان خووەکانی بەکارهێنانی شاشە و نیشانەکانی پەیوەست بە ADHD کردووە.

توێژینەوەکە بۆ ماوەی چوار ساڵ چاودێریی 8,324 منداڵی کردووە لە تەمەنی 9 بۆ 10 ساڵیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، لەو ماوەیەدا منداڵەکان زانیارییان داوە لەسەر بڕی ئەو کاتەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەیرکردنی تەلەڤیزیۆن و یارییە ڤیدیۆییەکان بەسەری دەبەن، هاوکات دایک و باوکانیش هەڵسەنگاندنیان بۆ ئاستی سەرنج و فرەجووڵەیی منداڵەکانیان کردووە.

جیاوازیی سۆشیاڵ میدیا لەگەڵ شاشەکانی دیکە
ئەنجامەکان دەریانخستووە، ئەو منداڵانەی کاتێکی زۆر لە پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی وەک (ئینستاگرام، سناپچات، تیکتۆک، فەیسبووک، تویتەر یان مەسنجەر) بەسەر دەبەن، بە تێپەڕبوونی کات نیشانەکانی کەم‌سەرنجییان تێدا گەشەی کردووە.

 خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە، ئەم پەیوەندییە نەرێنییە لە کاتی سەیرکردنی تەلەڤیزیۆن یان یارییە ڤیدیۆییەکاندا (گەیمین) بەدی نەکراوە.

پڕۆفیسۆر تۆرکێل کلینگبێرگ، مامۆستای دەمارناسیی مەعریفی لە پەیمانگەی کارۆلینسکا، ڕوونی کردووەتەوە، توێژینەوەکەیان ئاماژە بەوە دەدات، بە دیاریکراوی سۆشیاڵ میدیایە کاریگەری لەسەر توانای سەرنجدانی منداڵان دەکات.

 ناوبراو هۆکارەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ سروشتی ئەو تۆڕانە کە پڕن لە پەرشوپڵاوی (Distractions) بەردەوام لە شێوەی نامە و ئاگادارکردنەوەکان، تەنانەت تەنیا بیرکردنەوە لەوەی ئایا نامەیەک هاتووە یان نا، وەک هۆکارێکی پەرشوپڵاویی دەروونی کار دەکات و توانای مانەوە لەسەر یەک بابەت لاواز دەکات.

کاریگەرییەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵگە
بەپێی توێژینەوەکە، ئەم پەیوەندییە کاریگەریی دۆخی ئابووریی خێزان یان هۆکاری بۆماوەیی بۆ تووشبوون بە ADHDـی لەسەر نەبووە.

 هەروەها دەرکەوتووە ئەو منداڵانەی خۆیان پێشتر نیشانەکانی کەم‌سەرنجییان هەبووە، دەستیان نەکردووە بە بەکارهێنانی زیاتری سۆشیاڵ میدیا، ئەمەش دەسەلمێنێت کە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا دەبێتە هۆی نیشانەکان، نەک بە پێچەوانەوە.

توێژەران هیچ زیادبوونێکیان لە ڕەفتاری فرەجووڵەیی یان هەڵەشەیی (Impulsive) نەدۆزیوەتەوە، هەرچەندە کاریگەرییەکە لەسەر ئاستی تاکەکەس بچووک بووە، بەڵام لەسەر ئاستی دانیشتووان و کۆمەڵگە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە. پڕۆفیسۆر کلینگبێرگ ئاماژەی بەوە کردووە، بەکارهێنانی زۆری سۆشیاڵ میدیا ڕەنگە بەشێک بێت لە هۆکاری زیادبوونی دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی ADHD لەم سەردەمەدا.

بڕیاری دروست و هۆشیار
تیمی توێژینەوەکە جەخت دەکەنەوە، ئەنجامەکان بەو واتایە نین هەموو منداڵێک کە سۆشیاڵ میدیا بەکاردێنێت تووشی کێشەی سەرنج دەبێت، بەڵام هۆکارێکە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر سنووردارکردنی تەمەن و دیزاینی پلاتفۆرمەکان بکرێت.

 داتاکان دەریدەخەن، تێکڕای کاتی بەسەربردن لە سۆشیاڵ میدیا لە نزیکەی 30 خولەک لە ڕۆژێکدا بۆ منداڵانی 9 ساڵ، بۆ 2.5 کاتژمێر بۆ منداڵانی 13 ساڵ بەرز بووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی پلاتفۆرمەکان تەمەنی 13 ساڵیان وەک کەمترین تەمەنی ڕێگەپێدراو دیاری کردووە.

سامسۆن نیڤینس، توێژەری سەرەکیی توێژینەوەکە هیوای خواستووە ئەنجامەکانیان یارمەتیدەر بێت بۆ دایک و باوکان و بڕیاربەدەستان تاوەکو بڕیاری دروست بدەن بۆ بەکارهێنانێکی تەندروستی دیجیتاڵی کە پشتیوانی لە گەشەی ژیریی منداڵان بکات. 

بڕیارە توێژەران بەردەوام بن لە چاودێریکردنی منداڵەکان دوای تەمەنی 14 ساڵیش بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی ئەم کاریگەرییە.

شایانی باسە ئەم توێژینەوەیە لەلایەن ئەنجومەنی توێژینەوەی سوید و دامەزراوەی ماسۆنیک بۆ منداڵان لە ستۆکهۆڵم پاڵپشتیی دارایی کراوە و هیچ بەرکەوتنێکی بەرژەوەندی تێدا تۆمار نەکراوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل