چوار خەونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێش وازهێنانی لە یاریکردن

دەیەوێت ساڵی داهاتوو ئەم چوار خەونەی بهێنێتە دی

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێش ئەوەی بەیەکجاریی واز لە یاریکردن بهێنێت، چوار خەون و ئامانجی گەورەی هەیە، دەیەوێت پێش ئەوەی بەیەکجاریی لاپچینەکانی لەپێ بکاتەوە و درێسەکانی دابکەنێت ئەم چوار ئامانج و خەونەی بهێنێتە دی.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت بەرلەوەی ماڵئاوایی لە لاکێشەی سەوز بکات، ژمارەی گۆڵەکانی لە کاروانی وەرزشی خۆی بگەیەنێتە هەزار گۆڵ، کە ئێستا هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە خاوەنی 946 گۆڵە و تەنیا 54 گۆڵی پێویستە بۆ ئەوەی بگاتە ئەم ژمارەیە، کە پێشتر رۆناڵدۆ گەیشتنی بەو ژمارەیەی بە یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی خۆی دانابوو.

 

کریس دەیەوێت یەکەم نازناوی فەرمی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعوودی بەدەست بهێنێت، دۆن کە لەوەتەی سەرەتای ساڵی 2023ـەوە لە یانە سعوودییەکە یاریی دەکات، تاوەکو ئێستا هیچ نازناوێکی فەرمی بۆ یانە عالەمییەکە بەدەست نەهێناوە، گەرچی ئەمساڵ نزیکبوو ئەو خەونەی بێتەدی، بەڵام لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعوودیە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بەرامبەر ئەهلی دۆڕان.
کریس گەرچی جامی شا سەلمانی بۆ نەسڕ بەدەستهێناوە بەڵام ئەو نازناوەی کە دوو ساڵ لەمەوبەر بەرزی کردەوە نافەرمی بوو، بۆیە دەیەوێت ساڵی 2026 ئەم خەونەشی بهێنێتە دی و بە بەرزکردنەوەی نازناوێکەوە یانەکە بەجێبهێڵێت.

دۆن هەموو شتێکی لە کاروانی وەرزشی خۆی بەدەستهێناوە، بەڵام بەرزکردنەوەی جامی جیهانی یەکێکە لەو دەستکەوتانەی دۆن خەونی پیوە دەبینێت، هاوینی 2026 کوڕەکەی مادێرا لە کاروانی وەرزشی خۆیدا بەشداریی دوایین مۆندیال دەکات، دۆن کە لەوەتەی مۆندیالی 2006 بەشداریی پێنج وەشانی کردووە، تاوەکو ئێستا دەستی بە جامە زێڕینەکە نەگەیشتووە، ئامانجیەتی لە ئەمریکا هاوشێوەی مێسی رکابەری پێش ئەوەی ماڵئاوایی لە تۆپی پێ بکات، ئەویش بۆ جارێک جامی جیهانی بەرز بکاتەوە.

یاریکردن لە پاڵ جونیۆری کوڕی یەکێکە لە خەونە لەمێژینەکانی، رۆناڵدۆ کە وەرزی داهاتوو تەمەنی دەگاتە 41 ساڵ، کوڕە گەورەکەی تەمەنی گەیشتووەتە 15 ساڵ، وەرزی داهاتوو جونیۆر لە تەمەنی 16 ساڵی نزیک دەبێتەوە و دەتوانێت لە نەسڕ ئەگەر بۆ چەند خولەکێک یان یارییەکیش بێت، لە پاڵ باوکی یارییەکی فەرمی بکات کە ئێستا لە خولی ژێر 17 ساڵانی سعوودیە درێسی نەسڕ دەپۆشێت و لە ریزی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی پۆرتوگاڵ یاریی دەکات.

 
Fly Erbil Advertisment