ئانچیلۆتی پەیامێك بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی بەرازیل دەنێرێت

ئانچیلۆتی: دەبێت لە كۆریای باشوور و ژاپۆن ببەینەوە

كارلۆ ئانچیلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل رایدەگەیەنێت باشترین پێكهاتەی بۆ دوو یاریی دۆستانەی داهاتوو بانگهێشت كردووە، دەشڵێت: داوا لە یاریزانەكانم دەكەم هەمان ئەو ئاستەی لەگەڵ یانەكانیان پێشكەشی دەكەن لەگەڵ وڵاتەكانیشیان بە هەمان ئاست دەربكەون.
كارلۆ ئانچیلۆتی، لیستی یاریزانەكانی بەرازیلی بۆ دوو یاریی داهاتوو بڵاوكردەوە، 3 یاریزانی ریال مەدرید ڤینیسیۆس جونیۆر، رۆدریگۆ و ئێدێر میلیتاو بانگهێشتكراون.
هەڵبژاردەی بەڕازیل سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی 2026 مسۆگەر کردووە و بڕیاریشە سامبا ئەم مانگە دوو یاری دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ژاپۆن و کۆریای باشوور بکات.
هەڵبژاردەی بەڕازیل رۆژی 10ـی ئەم مانگە لە شاری سیئۆل پایتەختی کۆریای باشوور، لە یەکەم یاری دۆستانە رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە دەبێتەوە، پاشان رۆژی 14ـی ئەم مانگە واتە دوای چوار رۆژ، ئەمجارەیان لە شاری تۆکیۆ لە دووەم یاری دۆستانە دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی ژاپۆن.
کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی هەڵبژاردەی بەڕازیل، دوای راگەیاندنی لیستی ناوی یاریزانە نوێیەکەیان هەڵبژاردەکەی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوان وەكو تاقیكردنەوەیەك سەیری ئەو دوو یارییە ناكەن، بەڵكو ئامانجیان لەم دوو یارییە دۆستانەیە بردنەوەیە.

لێدوانەكانی كارلۆ ئانچیلۆتی
دەمەوێت ئەوەی لە دڵمە باسی بکەم، ئێمە بۆ تاقیکردنەوە رووبەڕووی کۆریای باشوور و ژاپۆن نابینەوە، هەموو ئامانجمان ئەوەیە لەو دوو یارییە دۆستانەیە بردنەوە بەدەست بهێنین، داوام لە یاریزانەکان کردووە یارییەکی باش و چێژبەخش پێشکەش بە هاندەران بکەن، کە هەمیشە ئەم ئامانجە لە پێشینەی کارەکانمان بووە. کۆمەڵێک یاریزانم بانگهێشتکردووە کە لەم ماوەیە لەگەڵ یانەکانیان ئاستێکی باشیان پێشکەش کردووە، دڵنیام لەگەڵ ئێمەش لەسەر ئەو ئاستەیان بەردەوام دەبن. پێموایە کاسێمیرۆ دەتوانێت رۆڵی سەرکردە واتە کاپتن بگێڕێت، نازانم ئەو بەرپرسیارەتیە هەڵدەگرێت یاخود نا، بەڵام من بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی دەکەم. لەبارەی رۆدریگۆ دەمەوێت بڵێم ئەو یاریزانێکی نایابە، راستە لەگەڵ یانەکەی واتە ریاڵ مەدرید زۆر بە کەمی دەرفەتی یاری کردنی هەبووە، بەڵام هەر کاتێک کە بەشداری کردووە ئاستێکی باشی پێشکەش کردووە، بۆیە بڕیارمداوە کە بۆ ئەم دوو یارییە بانگهێشتی بکەم.

 

 
Fly Erbil Advertisment