میسر هەوڵ دەدات حەماس بە پلانەکەی تڕەمپ ڕازی بکات

میسر کار بۆ ئەوە دەکات حەماس بە پلانەکەی دۆناڵد تڕەمپ ڕازی بکات، وڵاتەکە لە هەماهەنگی و کۆبوونەوەی بەردەوامە لەگەڵ تورکیا و قەتەر بۆ ئەوەی حەماس ڕازی بکەن وەڵامی ئەرێنی پلانەکە بداتەوە.
بەدر عەبد ئالعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2025 ڕایگەیاند، میسر زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات و لە گفتوگۆدان لەگەڵ حەماس بۆ زانینی کاردانەوەیان بۆ پلانەکەی ترەمپ، وەزیرە میسرییەکە هۆشداریشیدا، "ئەگەر حەماس پلانەکە ڕەتبکاتەوە، دۆخەکە زۆر دژوار دەبێت".
ئالعاتی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: میسر لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە بە ئاوارەبوونی دانیشتوانی غەززە نادات و حەماسیش هیچ ڕۆڵێکی نابێت لە داهاتووی کەرتی غەززە، وەزیرەکە گوتیشی، " لە نێوان ئێـمەی عەرەب و مسوڵمان تەنانەت لەناو ئەندامەکانی بزووتنەوەی حەماسیش، ڕێککەوتنێکی تەواو هەیە کە بزووتنەوەکە هیچ ڕۆڵێکی لە داهاتووی کەرتی غەززە نابێت.
ڕۆژی دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە پێشنیاز کرد، ئیسرائیل بە پێشنیازەکە ڕازی بووە، بەڵام هێشتا حەماس وەڵامی نەداوەتەوە.