گەشتەکانی فڕۆکەخانەی میونشن دەستیان پێکردەوە

فڕۆکەخانەی میونشن
فڕۆکەخانەی میونشن

ئەمڕۆ بەیانی  3ـی ئەیلوولی 2025، فڕۆکەخانەی میونشن دەستی بە گەشتەکانی ئاسمانی کردەوە،  دوای ئەوەی دوێنێ شەو بەهۆی بوونی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێر داخرا.

دوای بینینی چەند دڕۆنێک لە ئاسمانی شارەکە، فڕۆکەخانەی میونشن، دوێنێ پێنجشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025، زیاتر لە 17 گەشتی ئاسمانی خۆی هەڵوەشاندەوە و 15 فڕۆکەش کەبەرەو میونشن دەچوون، بە ناچاری بەهۆی هەڕەشەی درۆنەکان لە شاری دیکە نیشتنەوە.

فڕۆکەخانەی میونشن لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، 17 گەشتی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و 15 گەشت کە بڕیار بوو لە فڕۆکەخانەکە بنیشنەوە، نێردرانە شارەکانی دیکەی وەکو شتوتگارت و نۆرمبێرگ و ڤیەننا و فرانکفۆرت.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکە دا هاتبوو، 3 هەزار کەس گەشتەکانیان دواخرا و لەنێو فڕۆکەخانە شوێنی نوستن و خواردنیان بۆ دابینکرا.

 ڕۆژی هەینی، 3ی ئۆکتۆبەری 2025، گوتەبێژی پۆلیسی ئەڵمانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند،" نزیکەی کاتژمێر 19:30چەند دڕۆنێک لە سەر فڕۆکەخانەی میونشن بینران کە تا ئێستا جۆر و ژمارەیان دەستنیشان نەکراوە، بۆیە ڕێڕەوی فڕینەکانی ئەو فڕۆکەخانەیە بۆ ماوەی کاتژمێرێک داخران".

ئەڵمانیا دوای ئەم پێشهاتە نوێیە، خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە دڕۆنییەکان ئامادەکردووە کە لە چەند شارێکی ئەورووپی دیکەش بیندراون و بوونەتە هۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانی کۆپنهاگن و ئۆسلۆ و وارشۆ لەماوەی ڕابردوودا.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند "پێویستە ئەڵمانیا وەڵامی بۆ ئەو جۆرە هەڕەشە قێزەونانە هەبێت".

ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدان کە لە میونشن فستیڤاڵی ئۆکتۆبەر بەڕێوەدەچێت و ڕۆژانە سەدان هەزار کەس بە مەبەستی بەشداریکردن لەم فستیڤاڵە، سەردانی شارەکە دەکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment