تیۆ فڕانکن: 15درۆن ئاسمانی ئەڵمانیا و بەلجیکایان بەزاند

وەزیری بەرگری بەلجیکا ڕایگەیاند: 15 درۆن ئاسمانی بەلجیکایان بەزاند و ئەگەری هەیە درۆنەکان لە ڕووسیاوە هاتبن.
هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، تیۆ فڕانکن، وەزیری بەرگری بەلجیکا ڕایگەیاند: 15 درۆن گەیشتوونەتە سەر بنکەی سەربازی ئیلسنبۆرن لە نزیک سنووری ئەڵمانیا، هاووڵاتییانی ئەڵمانیا کە نزیکن لە سنووری بەلجیکا، درۆنەکانیان بینیووە.
وەزیری بەرگری بۆ کەناڵی(VRT NWS)ـی بەلجیکا گوتی: ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی، درۆنەکان سەر بە ڕووسیا بن، دەشڵێت: بەدووری نازانم درۆنەکان ڕووسی بن وەکو هەڕەشەیەک دژی بەلجیکا بەکارهاتبێت.
تیۆ فڕانکن ڕاشگەیاند: لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەست پێکردووە و پێی وایە ڕووداوەکە پێشهاتێکی نوێیە.
ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکان لەنێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕۆژ دوای ڕۆژ دژوارتر دەبن، وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا، پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەن لە جەنگەکەدا، بۆیە ڕووسیا هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکات لەو وڵاتانەی پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەن.