تۆماس تۆخێل هۆکاری بانگهێشتنەکردنی بێلینگهام ئاشکرا دەکات
راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلاند چەند یاریزانێکی بەناوبانگی بانگهێشت نەکرد

تۆماس تۆخێل لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بۆ هەردوو یاریی بەرامبەر وێڵز و لاتیڤیا بڵاوکردەوە و جوود بێلینگهامی بانگهێشت نەکرد.
هەڵبژاردەی ئینگلاند لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 رۆژی 9ی ئەم مانگە رووبەڕووی وێڵز دەبێتەوە و دواتر لە رۆژی 14ی مانگ دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی لاتیڤیا.
تۆخێل راهێنەری ئینگلاند لیستی یاریزانەکانی بانگهێشتکراوەکانی بڵاوکردەوە و هەریەکە لە جوود بێلینگهام، فیل فۆدن و جاك گریلیشی تێدا نەبوو.

راهێنەرەکەی ئینگلاند بەتایبەت لەبارەی بانگهێشتنەکردنی بێلینگهام روونکردنەوەیەکی درێژی بڵاوکردەوە و هۆکارەکەی باس دەکات.
تۆماس لەبارەی جوود بێلینگهامەوە دەڵێت: بێلینگهام یاریزانێکی نایابە، بەڵام بڕیارماندا بە هەمان لیستی یارییەکانی پێشوو یاریی بکەین و بڕیارەکەش زۆر روونە.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە ئاماژە بەوە دەکات: جوود شایستەبوو لێرە لەگەڵمان بێت، بەڵام تا ئێستا ریتمی گونجاوی یاریکردنی بەدەستنەهێناوەتەوە، دڵنیام بە نزیکانە دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و هەموو شتێك وەك جارانی لێدێتەوە.
تۆخێل لەبارەی بانگهێشتنەکردنی یاریزانەکە روونکردنەوەی زیاتر داوە و دەڵێت: توانای جەستەیی بێلینگهام هیچ کێشەیەکی نییە بەڵام لە یارییەکان کەم بەشداریی کردووە و هیچ یارییەك نەبووە لەگەڵ ریاڵ مەدرید بە تەواوی یاریی بکات.
لە کۆتایی قسەکانی راهێنەری سێ شێرەکە، رەتیکردەوە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ یاریزانەکە هەبێت و گوتی: دەکرا بانگهێشتی بێلینگهام بکەین و خۆشی ئەوەی دەویست بەڵام پەیوەندییەکی تەلەفۆنیمان ئەنجامدا و هیچ کێشەیەکمان نییە.
لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی ئینگلاند بۆ هەردوو یاریی بەرامبەر وێڵز و لاتیڤیا بەمشێوەیەیە:
گۆڵپارێز: جین هێندەرسن، جۆردان پیکفۆرد، جەیمس ترافۆرد.
بەرگریکار: دان بێرن، مارك گێهی، ریس جەیمس، ئیزری کۆنسا، لویس-سکیڵی، جارێڵ کوانسا، دید سپێنس، جۆن ستۆنز.
ناوەڕاستکار: ئیڵۆت ئاندێرسن، مۆگان گیبس-وایت، جۆردان هێندەرسن، رووبن لۆفتەس-چیك، دێکلان رایس، مۆرگان رۆجێرس.
هێرشبەر: جارۆد بۆون، ئیبریچی ئیزێ، ئانتۆنی گۆردن، هاری کەین، مارکۆس راشفۆرد، بۆکایۆ ساکا، ئۆلی واتکینس.
