ترەمپ پێشوازی لە وەڵامەکەی حەماس دەکات و داوای ڕاگرتنی بۆمبارانکردنی غەززەش دەکات

 سەرۆکی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت "حەماس ئامادەیە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام" و داواش لە ئیسرائیل دەکات، دەستبەجێ بۆمبارانکردنی غەززە ڕابگرێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" پێشوازی لە وەڵامەکەی بزووتنەوەی "حەماس"ـی فەڵەستینی بۆ پێشنیازەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە کرد. 

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە: "لەسەر بنەمای ئەو ڕاگەیەنراوەی کە حەماس تازە دەریکردووە، من پێموایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام. پێویستە ئیسرائیل دەستبەجێ بۆردومانکردنی غەززە بوەستێنێت، تاکو بتوانین بە سەلامەتی و بەخێرایی بارمتەکان بهێنینە دەرەوە! لە ئێستادا، کردنی ئەوە زۆر مەترسیدارە."

ترەمپ دووپاتی کردووەتەوە "ئێمە لە ئێستاوە لە گفتوگۆداین لەسەر وردەکارییەکان کە پێویستە کاریان لەسەر بکرێت. ئەمە تەنها تایبەت نییە بە غەززەوە، بەڵکو پەیوەندی بە ئاشتییەکی لەمێژینەوە هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا ڤیدیۆیشدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر تایبەت و مەزنە. ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نزیکە. سوپاسی قەتەر، تورکیا، سعوودییە، میسر و ئوردن دەکەم کە هاوکارییان کردم لە بەدیهێنانی ئەمە."

 

وەڵامەکەی حەماس

درەنگانی شەوی هەینی (03ـی تشرینی یەکەمی 2025)، بزووتنەوەی حەماس لە وەڵامی پێشنیازە 20 خاڵییەکەی سەرۆکی ئەمەریکادا، ڕەزامەندی لەسەر بەشێک لە خاڵەکان نیشان دا، بەڵام جەختی کردووەتەوە، هەندێک بڕگەی دیکەی پێشنیازەکە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە. 

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کە حەماس قبووڵی کردووە، ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکانە لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستینی. 

هەروەها حەماس ئامادەیی خۆی نیشان داوە، ئیدارەی کەرتی غەززە ڕادەستی دەستەیەکی سەربەخۆی تەکنۆکرات بکات بە ڕەزامەندی نیشتمانی فەڵەستینی و پشتیوانیی عەرەبی و ئیسلامی.

 

کاردانەوەی ئیسرائیل

لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، حکومەتی ئیسرائیلی تووشی سەرسوڕمان کردووە. سەرچاوە هەواڵییە ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە، سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهۆ پێشتر وەڵامەکەی حەماسی بە ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکە لەقەڵەم داوە و جەختی لەسەر هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا کردبووەوە بۆ دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش.

سەڕەڕای ئەمەش، نووسینگەی ناتانیاهۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل "ئامادەکاری دەکات بۆ جێبەجێکردنی دەستبەجێی قۆناغی یەکەمی پلانی سەرۆک ترەمپ بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم بارمتەکان." سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، فەرمانیان پێکراوە بۆ کەمکردنەوەی چالاکییە هێرشبەرییەکان لە غەززە.

 

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گەشبینییەوە پێشوازی لەم پێشهاتانە کردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان، قەتەر، میسر و چەندین وڵاتی ئەوروپی هیوایان خواستووە کە ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕ و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.

ئەم گۆڕانکاریانە لە کاتێکدایە کە شەڕی غەززە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە و بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

 
 
Fly Erbil Advertisment