بەفەرمی.. ئەمەریكا رێگا بە بەكارھێنانی دەرمانی "رێمدیسیڤیر" بۆ كۆرۆنا دەدات

تاكە دەرمانی چارەسەری تایبەتە بە كۆڤید 19، تاكو ئێستا رێپێدانی تەواوی بەدەستھێنابێت

K24 - ھەولێر

بەپێی ئەو راگەیاندنەی كۆمپانیای "گلیاد" بڵاویكردووەتەوە، ئاژانسی ئەمەریكا بۆ دەرمان رێپێدانێكی تەواوی بەخشیوە بە بەكارھێنانی دەرمانی "رێمدیسیڤیر" بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكان، ئەمەش دوای ئەوە ھات، كە پێشتر، لەمانگی ئەیار رێپێدانێكی مەرجداری دابوو بۆ بەكارھێنانی ئەو دەرمانە.

گلیاد، كە درووستكەری دەرمانەكەیە راشیگەیاند، رێپێدانی بەدەستگەیشتووە بۆ بەكارھێنانی ئەو دەرمانەی "رێمدیسیڤیر" كە لە بازاڕ لە ژێر ناوی "فیكلۆری" دەفرۆشرێت.

روونیشیكردەوە "رێمدیسیڤیر" تاكە دەرمانی چارەسەری تایبەتە بە كۆرۆنا، تاكو ئێستا رێپێدانی تەواوی بەدەستھێنابێت.

ھەندێك دەرمانی دیكە رێیپێدارون، بەڵام تەنھا بۆ حاڵەتی لە ناكاو و فریاكەوتنن.

دوای راگەیاندنەكەش پشكەكانی گلیاد لە بۆرسەی نیۆیۆرك بەرێژەی 4% بەرزبوویەوە.