دەیان مامۆستا ڕەخنە لە ڕێنووسی بەشێک لە پڕۆگرامە نوێیەکانی پەروەردە دەگرن

چاپی نوێی ژمارەیەک لە کتێبەکانی پرۆگرامی خوێندن بە تایبەت بابەتی زمانی کوردی ناڕەزایەتیی ژمارەیەک لە مامۆستایانی لێکەوتوەتەوە، ئەم مامۆستایانە لە نامەکەیان کە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە و ئەکادیمیای کوردی و یەکێتی نوسەرانی کوردییان کردووە، گۆرانکارییەکان بە تایبەی لادانی بزوێنی درێژی 'وو' بە هەنگاوێکی مەترسیدار لە بناغەی ستانداری زمانی کوردی دەزانن.

 بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەكانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە بە ئاماژەکردن بە خۆشەویست کردنی خوێندن بۆ قوتابیان باسی هۆکاری گۆرانکارییەکان دەکات و پێشوازی لە ڕەخنەی بونیادنەریش بە هاوکاری ئەکادیمیای کوردی دەکات. 

بەرێوبەری گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە ئەو گۆرانکارییانە بە تایبەت لە زمان و ئەدەبی کوردی لە بنەرەتی تا قۆناغەکانی دیكە دەخاتەڕوو و باسی ئەو پێشکەوتن و گۆرانکارییانە دەکات کە بەکاریان هيناوە تا خوێندن و کتێب خۆشەویستتر بکەن لای قوتابی و بەمجۆرە باسی ئەو ڕێنوسە دەکات کە گلەیی لێکراوە.

حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەداخەوە ئێستا کورد بووەتە دوو قوتابخانە و دوو ستایل، ئەوە کاری ئەکادیمی کوردییە ئەبوایە ئەو ستایلانەی بۆ ئێمە یەکلایی کردبوایەتەوە، ئێمەش بڕیارمان داوە بچینە ئەکادیمی کوردی و ستایلنامەی خۆمانیان پیشان دەدەین و هی خۆشیان پیشاندەدەین، ئەوکات ئەتوانن لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیران ستایلنامەیەک بسەپێنن بۆ ڕاگەیاند، تابلۆکانی ناوبازاڕ و پرۆگرامەکانی خوێندن.

یەک لەو لایەنانەی مامۆستایان و نوسەران ئەم نامەیان ئاراستە کردووە ئەکادیمیای کوردییە، هەروەها سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی ڕەخنەکەی بە دەست گەیشتوە و ئاگاداری گلەیی ئەو مامۆستایانەیە.

حەمە سەعید حەسەن، سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی گوتی: یەکێک لە ڕەخنەکانی ئەو مامۆستایانە لە کتێبەکانی خوێندن ئەوەیە، دوو واو نەماوە، بەڵام لە ڕاستیدا لەهەموو کتێبەکاندا لانەبراوە، دەشڵێت: ڕای ئەکادیمی وایە دوو واو دەنگێکی تایبەتە و دەبێت بنوسرێت، بەڵام هەندێک لەوانەی پرۆگرام بۆ بۆ پەروەردە دائەنێن بڕوایان بە دوو واو نییە و تەنیا یەک واو دەنووسن و دەلێن خوێنەر لە مانای وشەکە تێدەگات.

بەوجۆرەی وەزارەتی پەورەردە پلانی بۆ دانابوو، ئەمساڵ گورینی%60ـی پرۆگرامەکانی خوێندن جێبەجێ کراوە و زۆرترین کتێب بە دیزاین و ناوەرۆکەوە گۆرانکاری تەواویان تێداکراوە و هەوڵی ئەوەش دراوە سەرجەم گۆرانکارییەکان بە گوێرەی ستاندارە نێودەوڵەتیەکان بێت.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment