ئێندریك چوار یارییە تەنانەت یەك خولەکیش یاریی نەکردووە

ئێندریك بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات

ئێندریك، یاریزانی ریاڵ مەدرید
ئێندریك، یاریزانی ریاڵ مەدرید

ئێندریك ئەستێرەی لاوی بەڕازیل و هێرشبەری ریاڵ مەدرید دوای گەڕانەوەی لە پێکانێکی درێژخایەن، لە کۆتا چوار یاریی تەنانەت یەك خولەکیش یاریی نەکردووە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی هەواڵێکی لەبارەی ئێندریك بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، لاوە بەرازیلییەکە دەیەوێت لە مۆندیالی 2026 لەگەڵ بەرازیل بەشداریی بکات.

مارکا لەبارەی یاریزانەکە نووسیویەتی: ئێندریك لە پێکانێكی درێژخایەن گەڕاوەتەوە بەڵام چوار یاریی لەسەر یەکە تەنانەت یەك خولەکیش یاریی نەکردووە، هەرچەندە ناوی لە لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی یانەکە بۆ یارییەکان هەبووە.

رۆژنامە ئیسپانیاکە باس لە کێبڕکێی یاریزانەکە لەگەڵ گۆنزالۆ دەکات و دەڵێت: لاوە بەڕازیلییەکە و گارسیا بۆ یارییکردن رکابەری دەکەن، بەڵام چابی ئالۆنسۆ گرنگی بە دووەمیان دەدات، هەرچەندە رایگەیاندووە بەمزووانە بەپێی دۆخی یارییەکان ئێندریك بەشداریی دەکات.

لە هەواڵی رۆژنامەکەدا هاتووە: هێرشبەرە لاوەکەی ریاڵ مەدرید لە هاوینی رابردوو رەتیکردەوە بە خواستن یانەکەی جێبهێڵێت بەڵام بە ئامانجی بەشداریکردن لە مۆندیال فشارەکان لەسەری زیاتر دەبن.

مارکا ئەوەی خستووەتەڕوو، کە ئێندریك ئەگەر دەرفەتی یارییکردنی بۆ نەڕەخسێت لە گواستنەوەی زستانە مێرێنگێ جێدەهێڵێت.

رۆژنامەکە لە کۆتایی هەواڵەکە نووسیویەتی: یانەی ریاڵ مەدرید متمانەی بە بەهرەی یاریزانەکە هەیە وەك بژاردەیەکی گونجاو لە هێڵی هێرشبردن بۆیە نایەوێت بە ئاسانی دەستبەرداری ببێت.

ئێندریك تەمەنی 19 ساڵە و لە 2024 بە بەهای 60 ملیۆن یۆرۆ لە پاڵمێراسەوە پەیوەندی بە ریاڵ مەدرید کرد، بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 35 ملیۆن یۆرۆیە.

 
Fly Erbil Advertisment