كاركردن له‌پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ به‌رده‌وامه

قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنێت: كاركردن له‌پڕۆژه‌ی ئاوی گۆپته‌په-چه‌مچه‌ماڵ به‌رده‌وامه و ئێستا به ڕێژە‌ی زیاتر له سەدا 20ـی كاره‌كانی ته‌واو كراون، بڕیارە له ماوه‌ی ساڵێكدا سه‌رجه‌م كاره‌كانی ته‌واو بكرێن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ کە ئەمڕۆ شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاوی کردووە، پڕۆژە‌ی ئاوی گۆپته‌په - چه‌مچه‌ماڵ، یه‌ك له پرۆژە ستراتیژییەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له بواری ئاوی خواردنه‌وه‌دا كه به بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی له‌مێژینه‌ی كه‌مئاوی له چه‌مچه‌ماڵ و قه‌زا و ناحیه و گونده‌كانی سنووره‌كه، جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئه‌ندازیار ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانی پڕۆژە‌كه‌وه ڕایگه‌یاند: كاركردن له پڕۆژە‌ی ئاوی گۆپته‌په - چه‌مچه‌ماڵ به‌رده‌وامه و به ڕێژە‌ی 20%ی كاره‌كانی ته‌واو كراون، بڕیارەله ماوه‌ی ساڵێكدا ته‌واو بكرێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ ده‌ڵێت: گوژمه‌ی پڕۆژە‌كه 114 ملیار دیناره، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه دابین ده‌كرێت. پڕۆژە‌كه لە قۆناغی یەکەمدا توانای به‌رهه‌مێنانی 81٫600 مەتر سێجا ئاوی خاوێنی لە ڕۆژێکدا هه‌یه و سەنتەری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە و ئاغجەلەر و دەیان گوندی دەڤەرەکە لێی سوودمەند دەبن. ده‌شڵێت: کوالێتی ئاوی بەرهەمهاتوو بەگوێرەی ستانداردی عێراقی و جیهانی (WHO ) بۆ ئاوی خواردنەوەیه و کەلوپەلی بەکارهاتووش لە بەرزترین ئاست و کوالێتین.