هونەرمەند فەزڵ شاکر خۆی ڕادەستی سوپای لوبنان کرد

فەزڵ شاکر
فەزڵ شاکر

میدیاکانی لوبنان ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025 ڕایانگەیاند، هێزێکی هەواڵگری سوپای لوبنان فەرمانیان پێکرا، هونەرمەند فەزڵ شاکر لە کەمپی عەین حەلوە دەستگیر بکەن دوای ئەوەی خۆی ڕەزامەندی بۆ خۆبەدەستەوەدان بە دەسەڵاتدارانی لوبنان داوە.

پێشتر محەمەد شاکر، کوڕی هونەرمەندی لوبنانی فەزڵ شاکر، ئاشکرای کردبوو کە باوکی مەبەستی ئەوەی هەیە خۆی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی لوبنان بکات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بابەتەکە بەستراوەتەوە بە هەبوونی کات و دۆخی گونجاو.

شاکر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پلاتفۆرمی "بیل بۆرد عەرەبی" سەر بە "گرووپی سعوودی بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن (SRMG)"، گوتی: ئێمە متمانەمان بە دادگای لوبنانی هەیە، ئینشاڵڵا لە داهاتوودا دادپەروەری دەچەسپێت."

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە، خۆبەدەستەوەدانی باوکی ڕێڕەوی یاسایی سروشتییە و دووپاتی کردەوە کە باوکی بێتاوانە لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون، محەممەد شاکر گوتی: باوکم بێتاوانە لە هەموو ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی، ئینشاڵڵا بێتاوانییەکەی دەسەلمێنرێت، ئەمە مافی ئەوە و دەبێت بە دەستی بهێنێت."

محەممەد شاکری کوڕی فەزڵ شاکر، دڵگرانی خێزانەکەی دەربڕی بەرانبەر ئەو کەمپینە میدیایەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دژی باوکی ڕێکخرا، گوتی: "دوای 13 ساڵ لە ستەم و ئازار، هێشتا خەڵک هەن کە تۆمەتەکان بۆ باوکم دووبارە دەکەنەوە، منیش لۆمەیان ناکەم، ڕەنگە بەهۆی شۆردنەوەی مێشکیانەوە بێت،خوای گەورە لێیان خۆش بێت، ئاسان نییە کە ستەم لە مرۆڤێک بکەیت، بابەتەکە زۆر سەختە.

فەزڵ شاکر لە ساڵی 2012 دەستبەرداربوونی خۆی لە گۆرانی گوتن ڕاگەیاند و چووە پاڵ گرووپی شێخی (زیندانیکراو) ئەحمەد ئەسیر لە لوبنان و پشتیوانی لە شۆڕشی سوریا دژی ڕژێمی بەشار ئەسەد کرد، دوای "شەڕی عەبرا" کە لە نێوان سوپای لوبنان و گرووپی ئەسیر لە 23ی حوزەیرانی 2013 ڕوویدا، شاکر پەنای برد بۆ کەمپی عەین حەلوە کە دەکەوێتە ناو شاری سەیدا، بۆ ئەوەی لە دەستگیرکردن و لێپرسینەوە ڕزگاری بێت، لەو کاتەدا چەندین سکاڵای یاسایی لێکرا و تۆمەتبار کرا بە "هاوبەشی کردن لەگەڵ ئەسیر و پێکهێنانی چەتەی چەکدار و شەڕکردن دژی سەربازانی سوپای لوبنان.

دادگای سەربازی، فەزڵ شاکری تۆمەتبار کرد بەوەی کە بەشداری کردووە لە کارە تاوانکارییەکان کە تیرۆریستان ئەنجامیان داوە، سپۆنسەری گرووپی چەکداری شێخ ئەحمەد ئەسیر و خەرجی ئەندامەکانی و دابینکردنی نرخی چەک و تەقەمەنی سەربازی کردووە.

سەرەڕای بڕیارە توندەکان، دادگای سەربازی لە ساڵی 2018 بڕیارێکی دەرکرد کە تیایدا "بێتاوانی شاکر ڕاگەیەندرا لە تۆمەتی کوشتنی سەربازانی سوپای لوبنان و ئەنجامدانی کارە تیرۆریستییەکان، هەروەها پێکهێنانی چەتەی چەکدار و تاڵانکردنی پارەی خەڵک بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست."
فەزڵ شاکر کە لەم دواییانەدا بە بەهێزی گەڕاوەتەوە گۆڕەپانی هونەری، داوای کرد کە دۆسیەکەی وەک بابەتێکی مرۆیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت نەوەک سیاسی.

بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا فەزڵ شاکر لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە لەناو کەمپەکەدا هەڕەشەی لێکراوە، بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی بەهێزەی بۆ گۆرانی گوتن.

 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment