ترەمپ: ئیسرائیل ڕازیبووە لە غەززە پاشەکشە بە هێزەکانی بکات

بڕیارە سبەی دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل لەبارەی ئاگربەستی غەززە لە قاهیرە دەست پێ بکات؛ هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەر کە حەماس پابەندی ئاگربەستەکە بوو، هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئەو شوێنەی دیاری کراوە پاشەکشە دەکەن.

شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: دوای دانوستان، ئیسرائیل بە کشانەوەی هێزەکانی بۆ ئەو هێڵەی دیارمان کردبوو، کشاندووەتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، "هەر کە حەماس بە ئاگربەستەکە پابەند بوو، ئەوا ئەو هێزانە دەستبەجێ دەگەڕێنەوە بۆ ئەو هێڵەوە و پرۆسەی ئازادکردنی دیلەکان دەست پێ دەکات، هاوکات هەلومەرجێکی لەبار بۆ قۆناغی دیکە بۆ کشانەوەی هێزەکان دەڕەخسێنین."

ترەمپ، باسی لەوەش کرد، بە جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە، کارەسات و ناکۆکییەکانی سێ هەزار ساڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتاییان دێت.

هەر ئەمڕۆ شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیبووی: ئیسرائیل بە شێوەیەکی کاتی بۆمببارانکردنی غەززەی لەپێناو ئازادکردنی دیلەکان و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگرتووە، بۆ ئەمەش هەوڵەکەی بەرز دەنرخێنم. سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی دەکاتەوە، دەبێت حەماس پەلە لە کارەکانی بکات، ئەگەر نە ڕێککەوتنەکە هەڵدەوەشێنمەوە، چونکە بەرگەی دواخستنی ناگرێت.

هاوکات کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و جارید کەشنەر، وەکوو نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان، بەرەو میسر بەڕێکەوتوون.

هەروەها قاهیرە نیووز، بڵاوی کردووەتەوە، هەر دوو شاندەکەی حەماس و ئیسرائیل دەستیان بە جووڵە بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر ڕێکخستنی مەرجە زەمینییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی سەرجەم بارمتەکان، بەگوێرەی پێشنیازەکەی ترەمپ لە قاهیرە کردووە، کە سبەی دەست پێ بکات و بۆ دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 
Fly Erbil Advertisment