شاسوار دەبرێتە دادگا و موڵکەکانی چاڤیش دەفرۆشرێن

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ نزیکەی 60 موڵکی ناو پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند لە شاری سلێمانی، لە ڕێگەی زیادکردنێکی ئاشکراوە دەفرۆشرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، بەگوێرەی هاوژین محەممەد، پەیامنێری کوردستان24، پرۆسەی فرۆشتنەکە لەلایەن فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دارایی لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای چاڤی و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بڕێکی زۆر قەرزاری حکوومەتە.
ئامانج لە فرۆشتنی ئەم موڵکانە، وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەیە کە لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بوون و بە نزیکەی 90 ملیار دینار مەزەندە دەکرێن. بەشێک لەم قەرزە لە بنەڕەتدا وەک پێشینەی وەبەرهێنان لە حکوومەت وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی نەدانی قەرزی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، ئاو و باج، بڕەکەی زیاد بووە.
هاوکات ئەمڕۆ جارێکی دیکە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر سکاڵای چەند ڕۆژنامەنوسێک دەبرێتەوە بەردەم دادگا، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو شاسوار، برایە بەردەم دادگا، بەڵام دادوەر دادبینیەکەی دواخست بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە.