زیاتر لە هەشت هەزار فەڵەستینی بێسەروشوێنن

ناوەندی فەڵەستینی بۆ کاروباری ونبوان و بێسەروشوێن بووەکان ڕایگەیاند، مەزەندە دەکەن زیاتر لە هەشت هەزار فەڵەستینی بێسەروشوێن و لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا بن.
ناوەندەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە هۆی بێتوانایی تیمەکانی ناوخۆیی و نەبوونی ئامێری پێویست ناتوانن لە ماوەیەکی کەمدا کارەکانیان تەواو بکەن، بۆیە بە گرنگی دەزانن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مانگی سووری نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاریان بکەن، لە دابینکردنی تیمی تەکنیکی شارەزا، هەروەها پشکنینی DNA بۆ ڕووفاتە دۆزراوەکان بکەن، تاوەکو تەرمەکانیان ڕادەستی خانەوادەکانیان بکرێتەوە و بە خاک بسپێردرێن.
ناوەندی فەڵەستینی بۆ کاروباری ونبوان و بێسەروشوێن بووەکان باسی لەوەش کردووە بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی ئەوان بێت، بەشێکی بێسەروشوێن بووەکان لەو ناوچانەنن کە لە ژێر دەسەڵاتی سوپای ئیسرائیلە، هەروەها لە ناوچەکانی دیکەش بە هۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل تیمەکان ناتوانن بە ئاسانی کاری گەڕان و پشکنین بکەن.
ناوەندەکە ڕایگەیاندووە، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەو تاوانانەی ئیسرائیل بەرانبەر بە کەرتی غەززە و بە کەم سەیرکرنی بەهای مرۆڤایەتیە و خێزانە فەڵەستینیەکان بەرەو کارەسات و لەناوچوون دەبات.
لە بەرانبەردا میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025، سێ تیمی ئیسرائیل لە کە ناو غەززە مانۆریان هەبووە وەستێنراون و لەو شوێنانەی کە پێشتر لێیبوون، جێگیرکراون، چاوەڕوانی دانوستانەکانی ئیسرائیل و حەماس دەکەن کە وابڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە میسر بەڕێوەبچێت.
لە ڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023، حەماس هێرشی کردە سەر باشووری ئیسرائیل، بە هۆیەوە 1219 کەس ئیسرائیلی کوژران، کە بە گوێرەی ئامارێکی فەرمی حکوومەتی ئیسرائیل، بەشێکی زۆری کوژراوەکان خەڵکی مەدەنی بوون، لە بەرانبەردا بەهۆی بەردەوامبوونی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکەی حەماس، زیاتر لە 66 هەزار فەڵەستینی کوژراون. بە گوێرەی ئاماری دەستەی تەندروستیی کەرتی غەززە، زۆرینەی کوژراوەکان خەڵکی مەدەنین.
دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، پێشنیازەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و یەکێتیی ئەورووپا بۆ ڕاگەیاندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز دەنرخێنێت.
هەروەها هەینی 3ـی ئەم مانگە، بزووتنەوەی حەماس وەڵامی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بە ئەرێنی دایەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنەراوەکە، بزووتنەوەکە ڕەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دا، هەروەها ئامادەیە تەرمی بارمتە مردووەکانیش ڕادەست بکاتەوە، لە هەمان کاتدا بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی دانوستان لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکەی ترەمپ نیشان دا، لای خۆیەوە، ترەمپ پێشوازی لە هەڵوێستەکەی حەماس کرد و داوای لە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر غەززە ڕابگرێت.