پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای جینۆسایدی ئێزدییەكان دەكات
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبێتەوە

K24 – ھەولێر
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای جینۆسایدی ئێزدییەكان دەكات و گفتوگۆش لەسەر چەند پرسێكی دیكە دەكەن.
بەگوێرەی بەرنامەی كاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەكات و لە 14 تەوەر پێكدێت و چەند پڕۆژە یاسایەك تاوتوێ دەكرێن، بۆ ئەوەی عێراق بچێتە پاڵ كۆمەڵێك رێكخراو و پەیماننامەی نێودەوڵەتی. لە تەوەری سێزدەھەمی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیدا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدت دەكات لەلایەن داعش.
پێشتر وابڵاوكرابووەوە كە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا پەرلەمان پرسی بازنەكانی ھەڵبژاردن لە پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق یەكلادەكاتەوە، بەڵام بابەتەكە لە بەرنامەی كاردا نییە و پەرلەمانتارانیش پێشبینیان كردووە، لە كاتی دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە ئەم بابەتە بورژێندرێت، ھەرچەندە لایەنەكان لەسەری رێكنەكەوتوون.