پارێزگاری سنە: ئێران دەیەوێت پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوان بکات

پارێزگاری سنە ڕایگەیاند: دانیشتووانی سنە دەتوانن بەبێ باج ئەمساڵ بە بەهای 540 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەن.
ئارش لهۆنی پارێزگای سنە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای سنە دەتوانن ئەمساڵ بە بەهای 540 ملیۆن دۆلار کەلوپەل بە بێ پێدانی باج و گومرک لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەن.
هەروەها گوتی: حکوومەتی ئێران دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان بدات و بۆ ئەمەش ئاسانکاری زۆری بۆ بازرگانانی هەردوولا کردووە.
لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، شاندێکی حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە چوارچیوەى سێەمین دیدارى پارێزگا هاوسنوورییەکان، گەیشتنە شارى سنه و لەگەڵ پارێزگارانى ( ئازربایجانى ڕۆژئاوا "ئورمیە" ، سنە "پارێزگای كوردستان"، کرمانشان)، لەماوەی دوو ڕۆژدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەى گرنگیان دەبێت لە پێناو بەهێزکردنى جوڵە و ڕهوشی بازرگانی و برهودان به بواری كولتوورى و پێوهندییه ئابوورییهكانى نێوان کۆمارى ئیسلامى ئێران و هەرێمى کوردستان.