وەزارەتی پەروەردە:بۆ خزمەتکردنی منداڵانی دیاسپۆرا 8،500 کتێبی خوێندنی زمانی کوردیمان بۆ وڵاتان نارد

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی دەرەوەی وڵاتیان دامەزراندووە، هەر بەو مەبەستەشەوە، لەم هەفتەیە زیاتر لە هەشت هەزار کتێبی خوێندنی زمانی کوردییان بۆ وڵاتانی دەرەوە ناردووە، ئەمەش بۆ خزمەتکردنی منداڵانی دیاسپۆرایە.

یەکشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا دوو تۆن و 320 کیلۆ؛ کە دەکاتە هەشت هەزار و 500 کتێبی خوێندنی زمانی کوردی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی پۆستەوە بۆ ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە سویسرا، نەرویج، ئێرلەندا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، کەنەدا و ئەمەریکای ناردووە.

ئاماژەشی داوە، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی دەرەوەی وڵاتمان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی منداڵانی کورد لە تاراوگە و هاوبەشییەکی پتەومان لەگەڵ کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دامەزراندووە.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: ڕەوەندی کوردستانی نیشتەجێی ئەورووپا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگی لە ناساندنی زیاتری پرسی کورد و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا هەبێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیواشی خواست، ڕەوەندی کوردستانی نیشتەجێی ئەورووپا پارێزگاری لە کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن و ببنە پردی پەیوەندیی لەگەڵ کوردستان.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment