بازاڕی لەنگەی هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر زیاتر لە 140 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر تەرخانکردووە، وەک پلانی بۆ داندراوە، شوێنی تایبەت بە کاسبکارانی دیکە لە بازاڕەکە دروست دەکرێت.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە 144 ملیۆن دینار دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە کردووە و لە پلانیاندایە کەپری نوێ بۆ کاسبکاران و عارەبانچییەکانی بازاڕەکە دروست بکەن.

لەمبارەیەوە کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە کوردستان24 ـی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی لەبارتری کارکردن بۆ عارەبانچی و کاسبکارانی دیکە بڕەخسێنرێت، کەپری نوێ لە بازاڕی لەنگە دروست دەکەن، ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکانیان بە شەو و ڕۆژ کاردەکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە تەواو بکەن.

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕاشیگەیاند، نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە دەبێتە هۆی ڕێگری لە کەوتنەوەی ئاگر و زێدەڕۆییەکان، هەروەها بازاڕەکە لە ڕووی تایبەتمەندییەوە جوانتر و باشتر ڕێکدەخرێتەوە.

 کارزان عەبدولهادی جەختی لەوەش کردەوە ، تیمەکانی شارەوانی بەردەوام سەردانی سەرجەم بازاڕەکانی هەولێر دەکەن بە مەبەستی لادانی زێدەڕۆییەکان سەر شۆستە و بەردەم دوکان و ڕێڕەوەکانی هاتوچۆی هاووڵاتیان.

 
 
Fly Erbil Advertisment