عراقچی: ڕێککەوتنی قاهیرە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەڵوەشاوە

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، کاراکردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر وەکوو هەڕەشە سەربازییەکان بێسوود بوون و پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تارانیان چارەسەر نەکرد، دووپاتیشی دەکاتەوە، تاکە ڕێگە بۆ چارەسەر کردنی ئەو پرسە، ڕێگە چارەی دیپلۆماسییە، هاوکات دەشڵێت، لەگەڵ کاراکردنەوەی ئەو سزایانە، ڕێککەوتنی قاهیرە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەڵوەشاوە.

یەکشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان دووپاتی کردەوە، تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی بەرنامەی ئەتۆمی تاران، ڕێگە چارەی دیپلۆماسییە. گوتیشی: " تەنانەت هەڕەشەی سەربازی و کاراکردنی میکانیزمی (سناپباک)یش تاقیکرانەوە، دەبینی هیچ ئەنجامێکیان نەبوو؛ جەختیشی کردەوە، هەر وەک چۆن هێرشی سەربازی ڕێگە چارەسەر نییە، سناپباک'یش ناتوانێت ئەو پرسە چارەسەر بکات."

ئاماژەی بەوەش کرد، "فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پێیان وا بوو لە ڕێگەی میکانیزمی سناپ باکەوە کارتی فشاریان بەدەستەوەیە، کەچی و بەکاریشیان هێنا و ئەنجامەکەی ڕوون بوو، کە هیچ کێشەیەکی چارەسەر نەکرد."

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەخنەی لە ڕۆڵی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا گرت و گوتی : " بەو هەڵوێستەیان ڕۆڵی خۆیان لە دانوستانەکاندا لاواز کرد،" ئەمەش واتای ئەوەیە کاریگەرییان لە هەر ڕێککەوتنێک لە داهاتوودا سنووردار دەبێت.

گوتیشی: "ئێران لەسەر هەڵوێستی خۆی ڕژدە و پابەندە بە دانوستان، بە مەرجێک دانوستانەکان بە نیازپاکی و بەرژەوەندی هاوبەشی هەر دوو لا بەڕێوەبچن،"؛ جەختیشی کردەوە "هیچ مەرجێکی پێشوەختە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی بە فەرمی لەلایەن ئێرانەوە پێشکەش نەکراوە. 

سەبارەت بە هەماهەنگییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، عراقچی ئاشکرای کرد، "ڕێککەوتنێکی نوێ لەسەر شێوازی هاریکاریی نێوانیان کراوە." دووپاتیشی کردەوە "ڕێککەوتنی قاهیرە دوای کاراکردنی میکانیزمی سناپباک، چیتر کاری پێ ناکرێت" ئاماژەی بەوەش کرد "ئێستا ئێران ڕووبەڕووی دۆخێکی نوێ بووەتەوە کە پێویستی بە بڕیاری جیاواز هەیە."

سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025،  لە قاهیرە، ڕێککەوتنێک لە نێوان عەباس عراقچی و ڕافائیل گرۆسی بە سەرپەرشتی بەدر عەبدول عەتی، وەزیری دەرەوەی میسر، سەبارەت بە میکانزمی کارکردنی لە نێوان ئێران و ئاژانسەکە واژۆ کرا.

وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان دا، کاتژمێر 3:30 بەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 28ی ئەیلوولی 2025، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کارا کرانەوە.

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ـی ئاب پرۆسەیەکی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێرانیان چالاک کردەوە و 30 ڕۆژ مۆڵەتییان دایە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندی ڕێککەوتنی 2015ـی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment