شاندی حەماس بۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتە میسر

شاندی حەماس بە سەرکردایەتی بەرپرسێکی باڵای ئەو بزووتنەوەی گەیشتە میسر، هاوکات بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل شاندی وڵاتەکەیان سبەی دووشەممە دەگاتە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمەکانی ئاگربەستی غەززە بکەن.

یەکشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2025، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، شاندەکەیان بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییە، گەیشتنە میسر، بە مەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە.

هەروەها نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، شاندی وڵاتەکەیان سبەی دووشەممە بەرەو شەرم شێخ بەڕێدەکەون.

هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر وەک نوێنەری خۆی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان دەنێرێتە میسر.

کۆبوونەوەکان بڕیارە سبەی دووشەممە لە هاوینەهەواری شەرم شێخ لە میسر بەڕێوەبچێت، ئەمە دەبێتە یەکەم دەرکەوتنی حەییە لەدوای ئەوەی مانگی ڕابردوو ئیسرائیل لە هێرشێکدا لە دەوحە، ئەو و چەند سەرکردەیەکی دیکەی حەماسی کردە ئامانج.

ئەمەش لە کاتێکدایە،هەر دوو لایەن حەماس و ئیسرائیل بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی پلانی دۆناڵد ترەمپیان بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوەتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment