ترەمپ پێشوازی لە پێشنیازی پوتن بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی "نیو ستارت" دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، ئامادەیە بەردەوام بێت لە کارکردن لەسەر پەیماننامەی چەکی ئەتۆمی لە نێوان واشنتن و مۆسکۆ کە هاوتا ڕووسییەکەی، ڤلادیمێر پوتن، پێشنیازی درێژکردنەوەی بۆ ماوەی ساڵێک کردووە.
سەرۆکی ئەمەریکا، لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی، پێشوازی لە پێشنیازەکەی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، کرد بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی "نیو ستارت" بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی چەکە هێرشبەرە ستراتیژییەکان.
ترەمپ سەبارەت بە پێشنیازەکە گوتی: "پێدەچێت بیرۆکەیەکی باش بێت بۆ من." ڕێککەوتنەکە چوار مانگی ماوە بۆ ئەوەی لە 5ـی شوباتی 2026دا ماوەکەی بەسەربچێت.
ئەم ڕێککەوتنە کە لە ساڵی 2010 واژۆ کراوە، ئامانجی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی هێرشبەری هەردوو وڵاتە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەریەک لە واشنتن و مۆسکۆ پابەندن بە، جێگیرکردنی زۆرترین ژمارەی هەزار و 550 کڵاوەی ئەتۆمی.
زۆرترین ژمارەی 800 مووشەکهاوێژی ستراتیژی (وەک مووشەکی بالیستی کیشوەربڕ، مووشەکی ژێردەریایی و فڕۆکەی بۆمبهاوێژی قورس). لەگەڵ پابەندبوون بە سیستەمێکی پشکنین و پشتڕاستکردنەوەی دوولایەنە.
بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا و زیادبوونی گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و ڕۆژئاوا، ڕووسیا دوو ساڵ لەمەوبەر بەشداریکردنی خۆی لە بەشەکانی پشکنینی ڕێککەوتنەکەدا هەڵپەسارد، ئەمەش بووەتە هۆی ڕاگرتنی وردبینییەکان.
ترەمپ لە مانگی یەکی ڕابردوودا خواستی خۆی بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین بە ئامانجی "داماڵینی گشتیی چەکی ئەتۆمی" ڕاگەیاندبوو. هاوکات فەرمانی بە پنتاگۆن کردبوو کە کار لەسەر پەرەپێدانی سیستەمێکی بەرگریی دژەمووشەکی بەرفراوان بکات بە ناوی "گۆڵد دۆم".