ئەنجوومەنی وەزیران 25 ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجە تەرخان دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی ئۆکتۆبەری 2025، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێشتر ئەنجوومەنی پاڵپشتیی هەڵەبجە سەردانی سەرۆک بارزانیان کرد و کۆمەڵێک داواکارییان کرد، بۆ ئەوەی خزمەتی هەڵەبجە بکرێت.
گوتیشی: سەرۆک بارزانی فەرمانی کرد دەبێت لە ڕێگەی حکوومەتەوە خزمەتی هەڵەبجە بکرێت، بۆیە سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی فەرمانی کرد لیژنەیەک بەسەرۆکایەتی دیوان و ئەندامیەتی چەند لایەنێک پێکبهێنرێت و لیژنەکە سەردانی پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگاری هەڵەبجەیان کرد و گوێیان لەداواکارییەکان گرت و کاریی جددیان لەسەر کرد.
ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵێک بڕیاری باش لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دراوە، کە وەکوو دیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ هاووڵاتیانی هەڵەبجە، هەورەها لەماوەکانی ڕابردوودا کارمان لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە کردووە.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەشکرد، بڕیار دراوە بەگوژمەی 25 ملیار دینار پرۆژە لە هەڵەبجە ئەنجام بدرێت، هەروەها کار لەسەر ئەوە کراوە ژێرخانی کارگێڕی بۆ پارێزگای هەڵەبجە فەراهەم بکرێت، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت 500 کەس بۆ پارێزگاکە دامەزرا، دواتر 52 کەسی دیکەش زیادکرا، گوتیشی: سەرۆک وەزیران، لەسەر داوای پارێزگار و ئەنجوومەنی پاڵپشتیی هەڵەبجە بڕیاری داوە 250 کەسی دیکە بۆ پارێزگاکە دابمەزرێنێت.
ڕاشیگەیاند، یەکێک لەوانەی بڕیاری لەسەردراوە کە بۆ پارێزگاکە زۆر گرنگە، بابەتی دەروازەی سازانە، کە وەکوو دەروازەیەک بۆ گەشەندنی هەڵەبجە سەیر دەکرێت، بۆیە سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندیی داوە ئەو دەروازەیە وەکوو دەروازەیەکی ناوخۆیی بکرێتەوە.
ئومێد سەباح دەشڵێت: کردنەوەی دەروازەی سازان قۆناغی یەکەمە، سەرۆک وەزیران وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپاردووە لەگەڵ پارێزگار کار بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی دەروازەکە بکەن بەوەی سەردانی بەغدا و ئێران بکەن، بۆ ئەوەی دەرفەت بە نێودەوڵەتیکردنی دەروازەی سازان بدرێت، بۆیە ئەوەی گرنگە ئەمڕۆ وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەروازەی سازان بەفەرمی دەناسێنین.
گوتیشی: یەکێک لەداواکارییەکان ئەوەبووە دەبێت قەرەبووی زیانمەندانی هەڵەبجە بەپێی دەستوور و لە بودجەی سیادیی بکرێتەوە، دەشڵیت: هەرچەندە بە جددی کار لەسەر ئەمە نەکراوە، بەڵام نووسراوێکی فەرمی لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران کراوە و ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکرێت کە دەبێت لە بودجەی سیادیی قەرەبووی خەڵکی هەڵەبجە بکرێتەوە.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکراشی کرد، یەکێک لەو داواکارییانەی کە ڕەزامەندی لەسەر دراوە، دروستکردنی پارک، نەخۆشخانە و دروستکردنی بۆردێکی تەندروستییە بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، هەروەها ڕەزامەندی لەسەر ئەو پلانانە دراوە کە بۆ گەشتوگوزاری ناوچەکە پێشکەش کراوە.