سەرۆک وەزیرانی نوێی فەرەنسا چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەکاربوونی، دەستیلەکارکێشایەوە

سەرۆک وەزیرانی نوێی فەرەنسا چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەکاربوونی حکوومەتەکەی، دەستیلەکارکێشایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئیلیزێ) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، سێباستیان لۆکۆرنۆ، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆک کردووە و ئەوەیش قبووڵی کردووە.
ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو (یەکشەممە، 05ـی تشرینی یەکەمی 2025)، ئیمانوێل ماکرۆن حکوومەتی نوێی فەرەنسای بە سەرۆکایەتیی لۆکۆرنۆ ڕاگەیاندبوو وەک هەوڵێک بۆ دەربازکردنی وڵات لەو قەیرانە سیاسییەی پێیدا تێدەپەڕێت.
بڕیار بوو، سبەی سێشەممە، 07ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک وەزیرانە نوێیەکەی فەرەنسا گوتاری سیاسەتی گشتیی حکوومەتەکەی لەبەردەم پەرلەمان پێشکەش بکات.
لۆکۆرنۆ بە حەوتەمین سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئیمانوێل ماکرۆندا دادەنرێت.